له‌ ڕۆژنامه‌ی (هاوڵاتی)ییه‌وه‌....دهۆك؛ هۆكارەكانی تەقینەوەی غازەكە ئاشكرانەكراون

یەک ساڵ لەمەوپێش



ڕاپۆرت:
عەمار عەزیز
 
لەسەر تەقینی غازەكەی دهۆك چەند كەسێك دەستگیردەكرێت، هێشتا هۆكارەكانی پشت تەقینەوەكەو زیانەكان بەفەرمی ئاشكرانەكراون، بەرگری شارستانی دهۆك خاوەنی فڕنێكی سەمون كە لەبیناكەدا بووە تۆمەتبار دەكات، كەسوكاری نزیك لەخاوەن فڕنەكەش داوای لێكۆڵینەوەیەكی بێلایەن دەكەن.
رۆژی هەینی 24ی مانگی 11 یەكێكی تر لەبریندارانی رووداوەكەی دهۆك، بەناوی نێچیرڤان عەبدولعەزیز، گیانی لەدەستدا، هاوكات بەرەبەیانی رۆژی 25ی مانگ بریندارێكی تر بەناوی محەمەد مەحمود لەنەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك گیانیلەدەستدا، بەوەش ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ حەوت كەس بەرزبووەوە لەگەڵ برینداربوونی 37 كەسی تر.
بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی بەشی راگەیاندن لەبەرگری شارستانی دهۆك بەهاوڵاتی وت:" 22ی مانگ بەهۆی سەختی برینەكەی نێچیرڤان عەبدولعەزیز كە یەكێك بۆ لەبریندارانی رووداوەكەی 21ی ئەم مانگە بەمەبەستی چارەسەر رەوانەی وڵاتی توركیا كرا، رێژەی سووتانی سەرووی لەسەدا 90 بوو، دۆخی ناجگێربوو دیارە لەتوركیاش چارەسەری نەبووە بەداخەوە شەوی 24ی ئەم مانگە بەهوی سەختی برینەكەی گیانی لەدەستدا، لەگۆڕستانی شاخكێ لەدهۆك بەخاكسپێردرا".
وتیشی"بەداخەوە بەرەبەیانی رۆژی 26ی مانگ  بریندارێكی تر لەنەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك بەناوی محەمەد مەحمود گیانیلەدەستداو ژمارەی گیانلدەستدانی لەتەقینەوەكە بوونە حەوت كەس".
بێوار عەبدولعەزیز ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "سەرەتای رووداوەكە 37 كەس برینداربوون، هەموو ئەوانەی برینەكەنیان سووك بوون رەوانەی ماڵ كراون، هێشتا هۆكارەكانی پشت تەقینەوەكەو زیانەكان بەفەرمی ئاشكرانەكراون، پێدەچێت لەچەند رۆژی تردا  پارێزگاری دهۆك هەموو ووردەكارییەك لەبارەی تەقینەوەكە بۆ رای گشتی ئاشكرابكات".
بێوار عەبدولعەزیز وتیشی: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان خاوەن فڕنەكە بەرپرسە لەرووداوەكە چونكە پێش رووداوەكە بە سێ بۆ چوار رۆژ بۆری غازی فڕنەكەی لێچوونی هەبووەو چارەسەری نەكردووە، پێویست بوو پێش رووداوەكە بەرگری شارستانی و كۆمپانیای غازی ئاگاداركردبایەتەوە، چەند كاتژمێرێك لەهەولێر لەگەڵ وەزیری ناوخۆ كوبوونەوەمان هەبوو، وەزیری ناوخۆ راسپاردەی داوە بەووردی بەدواداچوون بۆ رووداوەكە بكەین و هەر كەسێك كەمتەرخەمی كردبێت بەپێی یاسا سزابدرێت"
لەبارەی دەستگیركردنی چەند كەسێك لەسەر رووداوەكە، بێوار عەبدولعەزیز دەڵێت:" دادوەر فەرمانی دەستبەسەركردنی بۆ خاوەن فڕنەكە دەركردووەو دواتر دەستگیركراوە، بەڵام نازانم چەند كەسی تر دەستگیركراون، ئەوە پەیوەستە بەو لیژنانەی كەتایبەت بەڕووداوەكە پێكهێنراون".
ئەو بینایەی تەقینەوەكە تیایدا روویداوە سێ نهۆمە، نهۆمی یەكەم بریتی بووە لەدوكان كەیەكێك لەدوكانەكان فڕنی سەموون بووە، دوو نهۆمەكەی تری بەشی ناوخۆیی سەر بەوەزارەتی پەروەردە بووە، بیناكە سیستمی شۆڤاژی تێدا نەبووە، تانكیی غازی فڕنی سەموونەكە لەسەربانی بیناكە بووەو وەك دەوترێت لێچوون لەبۆری غازی فڕنەكە هەبووەو تەقینەوەكە بەو هۆیەوە روویداوە.
عەلی فەتاح عەبدولكەریم ئامۆزای خاوەنی فڕنەكە بۆ هاوڵاتی دەدوێت و دەڵێت: "خاوەن فڕنەكە كەناوی دلگەشە ئامۆزای منە، هەر لەنەخۆشخانە دەستگیركراوە، هاوكات برای (دڵگەش) خاوەن فڕنەكە ئەو شەوە لەفڕنەكە لەتەقینەوەكەدا بەسەختی برینداربوو دوای چوار رۆژ مانەوە لەنەخۆشخانە گیانیلەدەستدا، هەندێك دەڵێن خاوەن فڕنەكە بەرپرسە لەتەقینەوەكە ئەی بوچی ناڵێن خاوەنی ئەو سیستەمە تازەیەی غاز بەرپرسە".
عەلی فەتاح وتیشی:" لەچەند رۆژی رابوردوو سەرقاڵی پرسە بووین، جارێ بەنیازین لەگەڵ پارێزەرێك قسەبكەین تاوەكو دلگەش بەكەفالەت ئازادبكرێت، كە ئازادكرا ئیتر دوای ئەوە حكومەت هەر بڕیارێك بدات ئێمە لەسەر سەری خۆمان دایدەنێن، پێویستە خاوەنی ئەو كۆمپانیانە سزابدەن كە ئەم سیستەمە سەقەتەیان داناوە، چونكە ئەگەر ئەوان ئەو سیستەمە تازەیەیان نەهێنابا  رووداوەكەی سلێمانی و دهۆك رووینەدەدا، یەك داواكاریمان هەیە ئەویش ئەو لیژنانەی بەدواداچوون بۆ بابەتەكە دەكەن بەبێ لایەنگری كاری خۆیان بكەن و لەبەرژەوەندی چەند كەسێك بڕیار نەدەن، رووداوەكە چوون روویداوەو كێ خەتابارە با ئەو لایەنە بەتوندی سزابدرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار