جووتیار عادل: "ھەر کاتێک پێویست بێت شاندی حکوومەتی ھەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە"

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی حکوومەت بۆ بەغدا، جووتیار عادل بە ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی راگەیاندووه‌، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ شاندی بەغدا کەشێکی ئەرێنی ھەبووە و گوتیویەتی: "درکمان بەوەکرد کە ئەوان دەیانەوێت رێکبکەون و لە کۆتاییدا دەبێت بگەینە چارەسەرێکی مامناوەند بەپێی وەرەقەی به‌رنامه‌ی وه‌زاری و ھەر کاتێکیش پێویست بکات شاندی حکوومەت دەچێتەوە بەغدا".

ئەمڕپۆ پێنجشەممە، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەڕایەوە ھەولێر و لەبارەی دۆسییەکانی بوودجە، نەوت، دەروازە سنوورییەکان و دروستکردنی ھەماھەنگی لەکارەکانی چاودێری دارایی لەنێوان ھەولێر و بەغدا گفتوگۆی لەبارەیەوە کراوە. لەوبارەیەوە گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جووتیار عادل راگەیاندووە: "ئێمە لە رۆژی یەکشەممەوە سەردانی بەغدامان کردووە، بەپێی ئەو بڕیارەی کە ئەنجوومەنی وەزیران دەریکرد بۆ پێکھێنانی ئەم شاندە و لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ھەرچی زووە شاندی حکوومەت بچێتە بەغدا، بۆ بەشداریکردن لە نووسینی بوودجەی حکوومەتی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣. ئەوە بوو ئێمە سەردانی بەغدامان کرد و ماوەی چوار رۆژ ماینەوە و ئەمڕۆ گەڕاینەوە بۆ ھەرێمی کوردستان".

د.جوتیار عادل راشیگەیاندووە: "لە کۆبوونەوەکانماندا باس لە چەند بابەتێک کرا، یەکێک لەوانە بابەتی بوودجه‌ و وردەکارییەکانییه‌تی کە ستافی وەزارەتی دارایی و سامانە سرووشتییەکانیشمان لەگەڵدا بوو، ئەمانە بەشداربوون بۆ ئەوەی ژمارەکان ئامادە بکەن یان ئەو تێبینییانەی کە وەزارەتی دارایی ھەیەتی یان ئەو خاڵانەی کە زۆر روون نین پێویستی بە روونکردنەوە ھەبوو یان پێویستبوو رێکبخرێتەوە. ئەوکارانە کران و لەو دوو سێ رۆژە ئامادە کران. ئەو لیستانەی کە میلاکاتە یان ئەو لیستانەی کە تەواوی خەرجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، رادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی کرا".

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل گوتوویەتی: "ئێمە لەسەرەتای ئەو سەردانەمان بۆ بەغدا باس لەوە کرا کە چ بنەمایەک ھەیە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین رێکبکەوین، بێگومان مەسەلەی دەستوور و وەرقەی به‌رنامه‌ی وه‌زاری، ئەمەش بوویە بنەمایەک بۆ قسەکردن لەسەر ئەو دۆسیانه‌ی وەکو بوودجه‌ و نەوت و دەروازە سنوورییەکان و چاودێری دارایی، ھەروەھا کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو لەگەڵ شاندنی باڵای حکوومەتی عێراقی کە ئەنجامماندا. تیایدا باس لە ئەو چوار دۆسیه‌یه‌ کرا و ئەو رێکارانەی کە پێویستە بۆ ئەوەی بزانرێت چی لەسەر ئەستۆی حکوومەتی ھەرێم و چ ئەستۆی حکوومەتی عێراقە".

ئەو ئەندامەی شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا ئاماژەیشی بەوەداوە کە: "کۆبوونەوەکان بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن، شاندی حکوومەتی ھەرێم ھەرکاتێک پێویست بێت ئامادەیە سەردانی بەغدا بکات و لەوانەیە بەم نزیکانەش سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ ئەوەی دیسانەوە قسە و باس لە سەر مەسەلەی بوودجە بکەین و چاوەڕێ دەکەین لەماوەی مانگێک زیاتر یان کەمتر بوودجەکە ئامادە بێت، چونکە تەنیا پەیوەست نەبوو بەوەی کە تەنیا حکوومەتی ھەرێم مابێت، لەبەر ئەوە ئامادەکاری ھەمووی تەواو نەببوو، ھیوادارین ئەم گفتوگۆ و سەردانانانە ئەنجامی ھەبێت و لە کۆتاییدا پشکی راستەقینەی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئیستیحقاقاتی دەستووری جێگیر بکرێت و، ئەو دۆسیه‌یه‌ و دۆسیه‌كانی دیكه‌یش چارەسەر بکرێن. بەراستی کەشێکی ئەرێنی ھەبوو و لەو کۆبوونەوانەدا درکمان بەوە کرد کە ئەوان دەیانەوێت رێکبکەون، بەڵام چۆن و لەسەر چی و بە چ شێوازێک، ئه‌وه‌ دەبێتە بابەتی گفتوگۆ و لە کۆتاییدا دەبێت بگەینە چارەسەرێکی مامناوەند بەپێی وەرەقەی به‌رنامه‌ی وه‌زاری".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار