هەدەپە راپرسیەکی ئەنجامدا: زۆربەی لایەنگرانی دەیانەوێت کاندیدی سەربەخۆیان هەبێت و ژن بێت
3 ساڵ لەمەوپێش
لە راپرسیەکدا کە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەنجامیداوە، زۆربەی لایەنگرانی پارتەکە، پێیان وایە کە پێویستە ئەوانیش کاندیدیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری هەبێت.
هەدەپە ڕاپرسییەکی سەبارەت بە کاندیدی سەرۆککۆماری ئەنجامدا. بەپێی ڕاپرسییەکە، دەنگدەرانی هەدەپە زۆرینەیان ئەو بۆچوونەیان دەربڕیوە کە پێویستە هەدەپە کاندیدێک دیاری بکات و کاندیدەکە دەبێت ژن بێت.
لە ڕاپرسییەکەدا کە لەو شارانە ئەنجامدراوە کە زۆربەی دانیشتوانەکەی لایەنگری هەدەپەن (باکوری کوردستان)، پرسیاری ئەوەکراوە، "ئایا کاندیدی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ژن بێت یان پیاو؟" ٤١٪ی دەنگدەرانی کورد کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، کاندیدی ژنیان پێ باشتر بووە، لە ٣٠٪ ڕایانگەیاندووە کە جیاوازی نییە و ٢٩٪ی بەشداربووانیش پێیان باش بووە، کاندیدەکە پیاو بێت. هەروەها لە ڕاپرسییەکەدا پرسیار لە بەشداربووان کراوە، ئایا پشتگیری لە کاندیدێکی کوردی عەلەوی دەکەن؟ ٨٥٪ی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە پشتگیری لێدەکەن.
پرسیارێکی دیکە کە لە بەشداربووان کراوە ئەوەیە کە ئەگەر هەڵبژاردن بکەوێتە دەوری دووەم دەنگ بەکێ دەدەن، " نزیکەی ٨٢.٧٪ی بەشداربووان هەدەپەیان هەڵبژاردووە.
هەروەها پرسیار کراوە کە ئەگەر لە دەوری دووەمدا ئەردۆغان و کلچدارئۆغلۆ بمێننەوە دەنگ بەکێ دەدەن. ٥٨.٦٪ی بەشداربووان کلچدارئۆغلۆ و ٩.٣٪ ئەردۆغانیان دیاری کردووە و بەشەکەی دیکەش رایانگەیاندووە کە هیچیان هەڵنابژێرن.
بڕیارە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و پەرلەمانی تورکیا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدرێت. بۆ ئەو مەبەستەش سێ هاوپەیمانی بەناوەکانی هاوپەیمانی کۆماری (دەسەڵات)، هاوپەیمانی گەل (شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆن) و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکان (هەدەپە و شەش پارتی چەپ) پێکهێنراون.
