وهزیری تهندروستی ههرێم: دهیهها تووشبووی ئایدز لهمساڵدا تۆمارکراون
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئهمڕۆ پێنجشەممە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومهتی هەرێمی کوردستان، تۆمارکردنی دەیان تووشبووی ئایدزی لە ماوەی ساڵی 2022 ڕاگەیاند.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئایدز لە شاری سلێمانی، پانێڵێکی زانستی دەربارەی ئایدز و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و چارەسەرەکانی لە نەخۆشخانەی شیرەکە بەڕێوەچوو.د. سامان بەرزنجی،وەزیری تەندروستی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ماوەی 11 مانگی رابردوودا زیاتر لە 538 هەزار پشکنینی ئایدز لە هەرێمی کوردستان کراوە، لە کۆی ئەو پشنکنینانە 54 حاڵەتی ئایدز تۆمارکراون.
ڕاشیگەیاند، "لە ماوەی ١١ مانگی ساڵی ٢٠٢٢ وەزارەتی تهندروستی زیاتر لە ٥٣٨ هەزار پشکنینی ئایدز بۆ ئەو کەسانە ئەنجامداوە کە هاوسەرگیری دەکەن، هەروەها بۆ ئەو کەسانەی کە خوێن دهبەخشن و خوێن وەردەگرن، یان پێش ئەنجامدانی پشکنینە تهندروستییهکان، یان پشكنینی بیانییهكان كه دێنه ههرێمی كوردستانهوه، یاخود به هۆكاری دیكه" لهو پشکنینانەش، 54 حاڵەتی پشتڕاستکراوی تووشبوون بە ئایدز دەستنیشانکراون، لەنێویاندا 40 حاڵەتی بیانییەکان کە هاتوونەتە ههرێمهوه.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەی ساڵێکدا یەک ملیۆن و 500 هەزار حاڵەتی ئایدز لەسەر ئاستی جیهان تۆمارکراون، بە گشتی ئێستا نزیکەی 40 ملیۆن کەس وەک هەڵگری ڤایرۆسی HIV هەن و چارەسەر وەردەگرن.
هەرلەوبارەیەوە، د. هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، تووشبووانی بیانی نێردراونەتەوە بۆ وڵاتەکای خۆیان، سێ حاڵەتی تر کە لە ناوەندی شاری سلێمانیدابوون، لە ژێر چاودێری تەندروستی بەڕێوەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانی دان و چارەسەر وەردەگرن.
ئەوەشی خستەڕوو، هەموو حاڵەتەکان گەنجن و لە سەرو تەمەنی سی ساڵەوەن، وتیشی: زیاتر هۆکاری بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگای سێکس، خوێن، شیری دایک، بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان، ئامێرەکانی نەشتەرگەری، کە بەباشی پاکنەکرابێتنەوە و دووبارە بۆ نەخۆشێکی دیکە بەکارهێنرابنەوە، هەروەها دوبارە بەکارهێنانی سرنجێک کە پێشتر بۆ کەسێکی تر بەکارهاتووە، هەڵگری ئەم ڤایرۆسە بووە.
ئایدز واتە لاوازی و نەمانی بەرگری لەش، نەخۆشییەکی درێژخایەنی ترسناکە و تا ئێستا چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە و بەبێ دەنگی سیستەمی بەرگری مرۆڤەکە لەناودەبات.
