76 رۆژە ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

76 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکاندا تێدەپەڕێت و خوێندکاران لە زانکۆکان و بارهەڵگرەکانی سەرتاسەری ئێران بۆ شەشەم رۆژ بەردەوامبون لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی.

داواکاری گشتی ئێران رایگەیاند؛ پەرلەمانی ئێران لێکۆڵینەوە لە پرسی باڵاپۆشبون و سەرپۆش بۆ کچان و ژنان لە وڵاتەکە دەکات و تا 15 رۆژی دیکە ئەنجامەکان بڵاو دەکرێتەوە.

وەک چاوەڕوان دەکرا ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری

ئێران رۆژی پێنجشەممە چوە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە هۆڵێکی داخراوی یارگایەکی ئەو شارە لەگەل ئەندامان و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی کۆبوەوە و دواتر سەردانی چەند شوێنێکی کرد و لە وتارێکیشدا لەو شارە رایگەیاند پلانی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی ئێران شکستی هێناوە.

سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە لەگەڵ سەردانی رەئیسی، هێزی زۆری ئەمنیی و سەربازیی لە شاری سنە بڵاوەیان پێکراە و دۆخێکی ئەمنی قورس باڵی بەسەر شارەکەدا کێشاوە.

رێوڕەسمی چلەی مەرگی رامین فاتحی لە سنە بەڕێوەچو، ئەو دوای دەستگیرکردنی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە مەرگی لە شاری سنە راگەیەنرا و هاوکات برایەک و خوشکێکی رامین دوای ماوەیەک دەستبەسەربون بە بارمتە ئازاد کران.

ئەمڕۆش هاوشێوەی 75 رۆژی رابردو زۆربەی خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان و تاران و شیراز و تەبرێز و چەند شارێکی دیکە گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام داوە و داوای ئازدکردنی ئەو خوێندکارانەیان کرد کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون.

هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانیش دو خوێندکار لە زانکۆی سنە و تاران دەستگیر کران.

لە بەشی پزیشکی زانکۆی ئەلزەهرا لە تاران، خوێندکاران دروشمیان دژی بەڵێنە ناڕاستەکانی دەسەڵات وتەوە و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیش بەردەوامبوە.

144 مامۆستای زانکۆ لە پارێزگای گیلان لە باکوری ئێران بە بەیاننامەیەک ئیدانەی دەستگیرکردنی خوێندکارانی زانکۆیان کرد و داوایان کرد مافی خوێندن بۆ خوێندکارە سزاکان دەستەبەر بکرێت و ئەوانەی دورخراونەتەوە بگەڕێنەوە زانکۆکان.

بە پێی ئامارێک تا ئێستا ناوی 576 خوێندکاری 140 زانکۆ لە ئێران تۆمار کراوە کە رەوانەی زیندان کراون و جگە لەوانەش سەدان خوێندکاری دیکە دەستبەسەر ئەوە سەرەڕای دورخستنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆ و بێبەشکردنیان لە پڕۆسەی خوێندن.

دەستەی توێژەرانی زانستی ئێران بڵاویان کردوەتەوە رۆژی چوارشەممە 150 زانکۆی جیهان پشتیوانیان لە خوێندکارانی زانکۆی ئێران کردوە و لەو زانکۆیانەدا چالاکی و گردبونەوەی پشتیوانیی بۆ خوێندکارانی ناوخۆی ئێران بەڕێوەچوە.

ئەمڕۆش بۆ شەشەمین رۆژ مانگرتنی بارهەڵگرەکانی زیاتر لە 20 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامبو.

بە پێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە هێزێکی زۆری ئەمنی و سەربازیی رەوانەی شارەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان کراوە.

بە پێی دوایین ئامار لە 75 رۆژدا 113 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و هاوکات ژمارەی گشتی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری ئێران گەیشتوەتە 459 کەس و میدیاکانی سەر بەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران باس لە کوژرانی 51 چەکداری سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان دەکەن لەو ناڕەزایەتییانەدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار