دەمیرتاش لە دادگا: دادوەر وەک پارێزەری ئەردۆغان مامەڵە دەکات
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ، دانیشتنی دادگاییکردنی دۆسیەی 'کۆبانێ' بەڕێوەچوو کە زۆربەی سیاسەتمەدارە گەورەکانی هەدەپە کە دەستگیرکراون لەم چوارچێوەیەدا دادگایی دەکرێن کە یەکێک لەو سیاسەتمەدارانە سەلاحەدین دەمیرتاشە. دەمیرتاش لە دانیشتنەکەدا، رەخنەی لە لیژنەی دادگا گرت و رایگەیاند، دادوەری دانیشتنەکە وەک پارێزەری ئەردۆغان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.
ئەمڕۆ حەوتەمین دانیشتنی ١٩مین خولی دادگای دۆسیەی کۆبانێ، لە هۆڵی زیندانی سینجانی ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لیژنەی ٢٢مین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد. ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەدەپە، ئەندامانی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادیەکان و پارێزەری سیاسەتمەدارە کوردەکان کە لە زینداندان بەشداریان لە دانیشتنەکەدا کرد.
یەکێک لەو کەسانەی کە لە چوارچێوەی دۆسیەی کۆبانێدا دادگایی دەکرێت، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپەیە کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زینداندایە. دەمیرتاش لە رێگەی سیستمی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بە شێوەیەکی ئۆنلاین لە زیندانی شاری ئەدرنەوە، لە دانیشتنی دادگاکەدا بەشداری پێکرا.
دەمیرتاش: دیکتاتۆریش بەم شێوەیە نییە
دەمیرتاش لەبەرامبەر تۆمەتبارکردنیدا کە لە دۆسیەکەدا، باسی ئەوە دەکرێت، لە سەردەمی شەڕی کۆبانێدا، خەڵکی لە شارە کوردیەکان هانداوە کە راپەڕن و بەم هۆیەوە گوایە ژمارەیەک هاوڵاتی کوژراون رایگەیاند، لەم دۆسیەیەدا (دۆسیەی کۆبانێ)، بە هەزاران پێشێلکاری هەیە. لە هەموو شوێنێک، مرۆڤ لە بەرامبەر دادوەردا هەست بە ئاسایش دەکات. بەڵام لەم دادگایەدا، زۆرترین هەڕەشەمان لێدەکرێت. رێگە نادرێت کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ پارێزەران لەگەڵ ئێمەدا دابنیشن.
دەمیرتاش وتی، " من وتم قسەکانی ئەردۆغان کە باسی گەڕاندنەوەی یاسای لەسێدارەدان دەکات تاوانە. ئەم قسانەی من وەک تاوان لێکدراوەتەوە و بێ ئەوەی ئاگادار بکرێمەوە خراوەتە نێو دۆسیەکەمەوە. من بە تەنیا باسی قسەکانی ئەردۆغانم کردووە و ئەوەم خستووەتەڕوو کە قسەکانی ئەردۆغان پێشێلکردنی مادەی ١٨ی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە. بەڵام دادوەر لێرەدا بەرپرسانی دەوڵەت دەپارێزێت. بە ئاشکرا وەک پارێزەری ئەردۆغان مامەڵە دەکات. من دەپرسم. ئایا ئەردۆغان لە رووی سیاسی و ئایدۆلۆژیەوە سەرۆکی ئێوەیە؟ ئایا هاوکاری یاسایی لەنێوانتاندا هەیە؟ لێرە چەندین بەڕێوەبەری سێیەم گەورەترین پارتی تورکیا لەبەردەمتدایە. ناتوانیت جلی دادوەر لەبەربکەن و پەنجەی تاوانمان بۆ درێژ بکەن. من ئەم دۆخەم بە دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا گەیاندووە."
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پارتەکە، دەستگیرکران و داواکاری کۆماری تورکیا، بە دەیان دۆسیەی لەدژیان جووڵاندووە.
دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، چەندین جار، دەمیرتاش و پەرلەمانتار، هاوسەرۆکی شارەوانی و بەڕیوەبەرانی هەدەپەی بە بێتاوان وەسف کردووە و داوای کردووە ئازاد بکرێن، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە\ مەهەپە، رەتی دەکەنەوە کە داواکاری دادگای ئەوروپا جێبەجێ بکەن.
