نوێترین زانیارییەکان لەسەر بۆردومانەکەی ئەمڕۆی تورکیا لە شارباژێر

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

له‌ ئه‌نجامی بۆردومانی فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانی توركیا بۆسه‌ر چیای ئاسۆس له‌ شاره‌دێی ماوه‌ت، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی گوندی قامیشه‌ی ئه‌و سنووره‌ بوونه‌ قوربانی.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هه‌ینی (2ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا سنوری چیای ئاسۆسی لە شارباژێر بۆردومانکرد و لە ئەنجامیشدا دوو کەس شەهیدبون و شەش کەسی دیکەش برینداربون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تەندروستیی قەزای شارباژێر ، دوایین ئاماری بۆردومانەکەی تورکیا لە شارباژێر شەهیدبونی دو کەس و برینداربونی شەش کەسی دیکەشی لێکەوتوەتەوە.

تەندروستیی قەزای شارباژێر دەشڵێت، بەهۆی ئەوەی شوێنی بۆردومانەکە هیچ رێگایەکی هاتوچۆی لەسەر نییە و شوێنێکی سەختە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت رزگاکردن و بەهاناوەچونی بریندارەکان چەند کاتژمێرێکی دیکەی پێبچێت و دوای چارەسەری سەرەتایی بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی دەکرێن.

بەگوتەی قایمقامی ماوەت، لە بۆردوومانەکەدا کەسێک بێسەروشوێنە و تاوەکو ئێستا نازانرێت لە ژیاندا ماوە یان گیانی لەدەستداوە. دەشڵێت، تیمە تەندروستییەکان و فریاکەوتن رەوانەی ئەو شوێنە کراون، بەڵام بەهۆی سەختیی شوێنەکەوە نەتوانراوە ئۆتۆمبێل بنێردرێتە شوێنەکە.

ئەو کەسانەی لەکاتی بۆردومانەکەی سەر چیای ئاسۆس و لە نزیک گوندی گەڵاڵە بون ژمارەیان نۆ کەس بوە و بەمەبەستی راوکردن و کۆکردنەوەی گۆیژ و قارچ چونەتە چیاکە، کە سەرجەمیان خەڵکی گوندی قامیشەن.

هەروەها  تیمی کوردستانی رێکخراوی سی پی تی لەبارەی رووداوی بۆردوومانەکەی شاخی ئاسۆسەوە نوێترین ئاماری کوژراو و بریدنارەکانی بڵاوکردەوە وڕایگەیاند، ئەو هاوڵاتییەی بەهۆی بۆردوومانەکەوە کوژراوە ناوی "عەزیز محەمە رەسوڵ"ە.

دەشڵێت، بریندارەکان بریتین لە "محەمەد قادر ئاغا" و "زانا محەمەد عەلی" و "سەعید محەمەد رەسوڵ" و "ساڵح قادر" و "کوێخا محەمەد عەلی" کە برینەکەی سەختە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەشێک لە بریندارەکان تا ئێستا لە شاخی کێلەشین گیریان خواردووە و داوای تیمی فڕۆکەوانی دەکەن کە بە هانایانەوە بچن.

چیای ئاسۆس یه‌كێكه‌ له‌ چیا سه‌خته‌كان كه‌ رووبه‌رێكی فراوانی هه‌یه‌، له‌ شاره‌دێی قه‌ڵادزێوه‌ ده‌ستپێده‌كات تا ده‌كاته‌ گوندی گه‌ڵاڵه‌ له‌ سنووری شاره‌دێی ماوه‌ت

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار