هەسەدە ئۆپراسیۆنەکانی لەگەڵ هاوپەیمانان راگرت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە راگیراون.
وتەبێژێک بەناوی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) بۆ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، هەموو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش راگرتووە.
ئاماژەشی بەوەکرد کە هۆکاری راگرتنی هەماهەنگی و ئۆپراسیۆنەکان، بۆ هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان دەگەڕێتەوە.
ئەوەش لەکاتێدایە کە بەرپرسانی ئەمریکا چەندین جار نارەزاییان لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە و رایانگەیاندووە کە هێرشەکان زیان بە شەڕی دژی داعش دەگەینن.
لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا دوای هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا، کارمەندە مەدەنییەکانی لە رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ هەرێمی کوردستان گواستەوە.
لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی هەسەدە رایانگەیاندووە کە ئەمریکا لەسەر خەتە بۆ ئەوەی هێرشەکانی تورکیا رابگرێت، بەڵام تۆپبارانکردنی خاکی رۆژئاوا لەلایەن سوپای تورکیاوە بەردەوامە.
لەمبارەیەوە، ئەمڕۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) ئاماری ٢٤ کاتژمێری هێرشەکانی بڵاوکردەوە. لە ئامارەکەدا هاتووە، لە ١ی کانونی یەکەمدا نزیکەی ٧٠ گوند و شارۆچکە رۆژئاوا تۆپبارانکراون.
