حکومەتی سوید کوردێکی رادەستی تورکیا کردەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حکومەتی سوید کوردێکی بەناوی مەحمود تات، رادەستی تورکیا کردەوە کە بە تاوانی ئەندامێتی پەکەکە سزای ٦ ساڵ و ١٠ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو،. تات داوای مافی پەنابەری لە سوید کردبوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥دا داواکاریەکەی رەتکرابووەوە.

کەناڵی ئارتی گەرچەک کە ناوەندەکەی لە ئەوروپایە و سەر بە ژمارەیەک کەسایەتی کوردی ئۆپۆزسیۆنە رایگەیاند، دوای ئەوەی تورکیا لە داواکاریی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا، مەرجی رادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی دانا کە تۆمەتبارن بە ئەندامێتی رێکخراوەکانی دژی تورکیا، حکومەتی سوید کوردێکی بەناوی مەحمود تات، رادەستی تورکیا کردەوە کە بە تاوانی ئەندامێتی پەکەکە سزای ٦ ساڵ و مانگێک زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.

تات ماوەیەک لەمەوبەر لەلایەن پۆلیسی سویدەوە دەستبەسەرکرابوو. دوای تەواوبوونی رێکارەکانی لێکۆلینەوە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە فڕۆکەخانەی ئارلاندی ستۆکهۆڵمی پایتەختەوە، رەوانەی فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ کرایەوە.

تات کە گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی لقی ئاسایشی فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ، پشکنینی تەندروستی بۆ کراوە، شەوەکەی بە دەستبەسەری لە بەڕێوەبەرایەتی لقی ئاسایشی فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ بەسەر بردووە.

مەحمود تات بە تۆمەتی بەشداریکردن لە چالاکییەکانی پەکەکە لە دێرسیم، لە ساڵی ٢٠١٥دا بە ٦ ساڵ و ١٠ مانگ زیندانی سزادراوە.

تات ٧ ساڵ لەمەوبەر چووەتە سوید و داوای مافی پەنابەری کردبوو و لە دادگای سوید، رایگەیاندبوو کە ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی کراون، بێبنەمان.

دوای ئەوەی سوید و فینلەندا داواکاریان بۆ ئەندامێتی رێکخراوی ئەتلەنتیکی باکور (ناتۆ) پێشکەش کرد، لە ٢٨ – ٣٠ حوزەیرانی ئەمساڵدا، لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا کۆبونەوەی لوتکەی ناتۆ ئەنجامدرا کە لە کۆبونەوەکەدا پرسی ئەندامێتی سوید و فینلەندا تاوتوێکرا و تورکیا مافی ڤیتۆی لەدژی هەردوو وڵات بەکارهێنا.

دوای کۆبونەوەکە، دانوستانەکانی سوید و فینلەندا لەگەڵ تورکیا دەستی پێکرد. تورکیا لە دانوستانەکاندا، مەرجی رادەستکردنی ئەندامانی پەکەکە، فەتحوڵاچیەکان و رێکخراوەکانی دیکەی دژی خۆی لەبەردەم هەردوو وڵاتدا دانا و ئێستاش ئەنجامی دانوستانەکان دەردەکەون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار