هەپەگە کوژرانی دوو سەربازی تورک و شەهیدبوونی گەریلایەکی ڕاگەیاند
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لهڕاگهیهندراوێکدا هەپەگە ڕایگەیاند، لە چالاکییەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی گەریلاکاندا دوو سەربازی تورکی داگیرکەر کوژراون. هاوکات شەهیدبوونی گەریلایەکیشی ڕاگەیاند، کە لە چالاکییەکەی ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمدا شەهیدبوو.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیەندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکییەکانی ٢٤ کاتژمێر ڕابردووی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بڵاوکردەوە، کە لە ناوچەی زاپی باشووری کوردستان ئەنجامیانداوە.
هەپەگە ڕایگەیاندووە، لەو چالاکییانەدا دوو سەربازی تورکی داگیرکەر سزادراون. هاوکات سوپای تورکی داگیرکەر حەوت جار بە فڕۆکەی جەنگیی و ٢٢ جار بە هێلیکۆپتەر و دەیان جاریش بە تۆپ و هاوەن، بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچەکانی بەرخۆدانی کردووە.
هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، هەپەگە شەهیدبوونی گەریلایەکی بەناوی مەدیا ئۆزگور ڕاگەیاند، کە لە ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییەکەی ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم لە گردی جودی دژی سوپای تورک شەهیدببوو، کە تێیدا ١٩ سەربازی تورکی داگیرکەر کوژرابوون.
هەپەگە دەڵێت:”هاوڕێمان مەدیا کە بەشێوەیەکی فیداییانە بەشداری ئەو چالاکییە بوو و شەهیدبوو، میراسێکی گەورەی تێکۆشانی لەدوای خۆی بەجێهێشت، بووە میلیتانێکی خۆشەویستی پەکەکە، هەڤاڵ مەدیا بۆ هەمیشە ڕێگای تێکۆشانی ئێمە ڕووناک دەکاتەوە”.
هەپەگە ناسنامەی شەهید میدیا ئوزگوری بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە؛

ناسناو: میدیا ئوزگور
ناوی دووانی: حەوا ئالکان
شوێنی لەدایکبوون: ئامەد
ناوی دایک و باوک: ئانبەر، ڕەگیپ
کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٠-١١-٢٠٢٢ / زاپ
هەپەگە بەبۆنەی شەهیدبوونی ئەو گەریلایەوە، سەرەخۆشیی ئاڕاستەی گەلی کوردستان و خانەوادەی شەهید میدیا ئوزگور دەکات و بەڵێنی درێژەدان بە ڕێبازەکەی دەدات.
