' هیچ رقێک لەنێوان کورد و تورکدا نییە، بەرپرسانی تورکیا کورد وەک هەڕەشە بەناو دەکەن'
تورکیا هەڕەشە لە گەلەکەمان و ئاسایش و سەقامگیریمان دەکات، بەهۆی کارێکەوە کە نەمانکردووە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، لە شاری رەقە کە ماوەیەک لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوو و ئەبوبەکر بەغدادی لەوێ خەلافەتی راگەیاند، ئێستا ژنان سەرکردەی دیارن و سیستمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، برایەتی، ئاشتی و ئازادی گەلان دەپارێزێت.
مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە وتارێکدا بۆ رۆژنامەی واشنتون پۆست ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستاندا و دەڵێت، "لە ساڵێ ٢٠١٤دا بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی جیهانی، بۆ یەکەمجار داعشمان لە کۆبانێ تێکشکاند، بەڵام ئێستا کۆبانێ جارێکی دیکە لەژێر هەڕەشەدایە و ئەم جارە هاوپەیمانێکی ئەمریکا و ناتۆ کە تورکیایە هەڕەشە لە کۆبانێ دەکات."
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا مەزلۆم کۆبانێ راشیگەیاند، "ماوەی زیاتر لە حەفتەیەکە حکومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا شارەکانمان بۆردومان دەکات و خەڵکی مەدەنی دەکوژێت و ژێرخانی گرینگ لەناو دەبات و هێزەکانی سوریای دیموکراتی دەکاتە ئامانج کە هەوڵ دەدەن جارێکی دیکە داعش سەرهەڵنەداتەوە. لە هەر هەنگاوێکی شەڕی ئێمە لە دژی گروپە تیرۆریستیەکان لە بەرەکانی شەڕدا، هەنگاومان ناوە بۆ چەسپاندنی ئایدۆلۆژیای بنیاتنانی سیستمێک لەسەر بنەمای گشتگیری و فرەیی و یەکسانی. بۆ نمونە لە رەقە کە رۆژانێک ئەبوبەکر بەغدادی لەوێ حوکمی دەکرد، ئێستا ژنانی سوریا سەرکردەی دیارن."
لە بەشێکی دیکە لە وتارەکەی مەزڵۆم کۆبانێداهاتووە: لە ساڵی ٢٠١٥ هێزەکانی سوریای دیموکراتمان بە بەشداری کورد، عەرەب و ئاشورییەکان بۆ تێکشکاندنی داعش دامەزراند. گەلەکەمان ئیدارەی خۆجێیی دروست دەکرد کە بۆ یەکەمجار لە سوریا نوێنەرایەتی هەموو نەتەوە و ئایینەکان دەکرد و دەسەڵاتی یەکسانیان بە ژنان دەبەخشی.
هەندێک جار ڕەخنەمان لێ گیراوە کە لە ستانداردە دیموکراسیەکانی ڕۆژئاوا دوور کەوتووینەوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەوە بووە کە لەژێر هەڕەشە و گەمارۆ و لەنێو شەڕدابووین. بەڵام توانیومانە ئاسایشی ناوچەکە دابین بکەین و هەموو لایەنەکانی دیکەی سوریامان تێپەڕاندووە کە ئەم سەرکەوتنەش بەبێ سەرکەوتنی کۆبانێ و پشتگیری نێودەوڵەتی و بەرخۆدان نەدەکرا.
ئێستا هێرشی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکەمان هەموو ئەوانە دەخاتە ژێر هەڕەشەی نوێ. مانگێکە لە سنووری دێرک کە شوێنی نیشتەجێبوونی کورد و ئێزیدی و مەسیحییەکانە، زیاتر لە ١٠ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە. شوێنێکی دیە بنکەیەکی سەربازی نزیک شاری حەسەکە بوو کە کرایە ئامانج، کە لەو بنکەیە لەگەڵ ئەمریکا کاردەکەین بۆ دارشتنی پلانی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش. ئەو هەوڵێک بووە بۆ کوشتنی من، چەندین هاوڕێمان لە هەسەدە لەلایەن تورکیاوە کرانە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
مەزڵۆم کۆبانێ دەڵێت، " لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ و سەرێکانی و گرێ سپی لە ساڵی ٢٠١٩ بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس و شەڕی جیهانی دژی داعش پەکخست. دوای ساڵانێک لە دەسەڵاتی تورکیا، دەبینرێت کە ئاژاوە و شەڕ و نائارامی لەو ناوچانە لە چ ئاستێکدایە. کاتێک خۆبەڕێوەبەری ئێمە لەو شوێنانە بوو، پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئازادی ئایینی و مافەکانی ژنانی پپارێزوا بوون."
مەزلۆم کۆبانێ ئاماژەی بە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ کردەوە و وتی، " تورکیا هەڕەشە لە گەلەکەمان و ئاسایش و سەقامگیریمان دەکات، بەهۆی کارێکەوە کە نەمانکردووە. هێزەکانمان بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ تۆمەتبار دەکات. ئێمە جارێکی دیکە تەقینەوەکە شەرمەزار دەکەین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیان دەکەین. تۆمەتەکان کە ئاڕاستەمان دەکرێن رەت دەکەینەوە و داوا دەکەین کە لێکۆلینەوە لە تەقینەوەکە بکرێت و ئامادەین هاوکاریش بکەین."
فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکرد کە داوا لە کەس ناکەن خەباتمان بۆ بکات. ئێمە و گەلەکەمان بەرخۆدانمان کردووە و بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان، بە تەنیا داوا لە جیهان دەکەین کە لە ئەرکی پاراستنی ئاشتیدا هاوکاریمان بکەن.
ئێمە پێمان وایە، کێشە و رقی سروشتی لە نێوان کورد و تورکدا نییە، بەڵکو سیاسیەکانی تورکیا کورد وەک هەڕەشە لەسەر ئاسایشی تورکیا لەقەڵەم دەدەن. لە رابردوودا ئەردۆغان لەگەڵ پەکەکە چەندین جار دەستی بە دانوستان کرد و ئێمە بە ئاشتی وەک دراوسێیەک دەژیان و هیوادارین پرۆسەی ئاشتی دەست پێبکاتەوە و ئێمەش دەتوانین رۆڵمان هەبێت.
