ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای راگرتنی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای له تورکیا کرد خۆی لە هەرجۆرە هەنگاوێک بە دوور بگرێت کە زیان بە شەڕی داعش له سوریا دەگەیەنێت.

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کاردانەوەی لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەربڕی و داوای لە تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کرد، خۆی لە هەرجۆرە هەنگاوێک بە دوور بگرێت کە مەترسی لەسەر شەڕی دژی داعش دروست دەکات.

لە راگەیەندراوەکەدا کە لەلایەن گریگۆری دبلیو میکس سەرۆکی لیژنەکە کە سەر بە دیموکراتەکانە و مایکل مەککۆل ئەندامی دیاری لیژنەکە کە سەر بە کۆمارییەکانە واژۆ کراوە، ئاماژە بەوە کراوە، تورکیا نیگەرانی ڕەوای ئاسایشی نیشتمانی هەیە، بەڵام دوایین هێرشەکانی بۆسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) مەترسی لەسەر شەڕی داعش دروست دەکات.

جێگەیباسە تورکیا بە بیانۆی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ، لە ١٩ی تشرینی دووەمدا، هێرشی فراوانی ئاسمانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەست پێکرد. لە هێرشەکەدا کە زیاتر لە دوو حەفتەیە بەردەوامە، بە دەیان کەسی مەدەنی و شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون.

هاوکات هەموو ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندیان بە قەیرانی سوریاوە هەیە، داوایان کردووە کە تورکیا هێرشەکانی رابگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستاش هێرشەکان بەردەوامیان هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار