باباجان: چارەسەری کێشەی کورد لە تێگەیشتنی هاوڵاتییەکی یەکساندایە

یەک ساڵ لەمەوپێش



عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) دەسەڵاتی تورکیای بەهۆی رەتکردنەوەی کێشەی کورد رەخنە کرد و وتی، " چارەسەری کێشەی کورد لە تێگەیشتنی هاوڵاتییەکی یەکساندایە."

عەلی باباجان سەرۆکی (دەڤا) کە ماوەیەک لە کابینەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا وەزیری ئابوری بوو و لە ئاکەپە جیا بووەوە، لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ شاری سەمسوری (ئادییامان) باکوری کوردستان، ئاماژەی بە کێشەی کورد لە تورکیا کرد و حکومەتی ئاکەپە – مەهەپەی بەهۆی سیاسەتەکانی لەبەرامبەر کێشەی کورد رەخنە کرد.

باباجان وتی، " کاتێک کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دەیوت ' کێشەی کورد هەیە و بەرپرسیاری لەسەر شانی منیشە'، منیش لەنێو ئەو پارتەدا بووم. بەڵام دواتر دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست و دۆغۆ پەرینچەک  سەرۆکی پارتی وەتەنی لە دەوری خۆی کۆکردەوە. ئێستاش دەڵێت ' کێشەی کورد نییە'. خۆی ئەگەر لە لایەکی باخچەلی و لەلایەکی دیکەی پەرینچەک هەبن، زۆر ئاساییە کە کێشەی کورد رەت بکاتەوە."

سەرۆک پارتی دەڤا راشیگەیاند، کێشەی کورد هەیە و دەوڵەت پێویستە مافە بنەڕەتییەکان و ئازادییەکان فەراهەم بکات و وتی، "دەوڵەت دەبێت بە تەواوی دان بە مافەکانی مرۆڤدا بنێت، چارەسەری کێشەی کورد لە تێگەیشتنی هاوڵاتییەکی یەکساندایە. پێویستە هەموو هاوڵاتیەک بە تەواوی مافە سەرەتاییەکانی بەدەست بهێنێت.

چەند رۆژێکە، تورکیا بە ناراستەوخۆ کەوتووتە دۆخی بانگەشەی هەلبژاردنەوە و سەردان و کۆبونەوە مەیدانیەکانی پارتە سیاسیەکان بۆ نێو هاوڵاتیان دەستی پێکردووە. پرسی کوردیش یەکێک لە پرسە سەرەکیەکانی تورکیایە کە زۆربەی لایەنەکانی تورکیا، پرسەکە لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەکاردەهێنن. بەڵام تاوەکو ئێستا جگە لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هیچ لایەنێک باسی مسۆگەرکردنی مافی کورد لە دەستوری بنەڕەتیدا ناکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار