پارتی ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی باڵای حزبەکەی لە حکومەت دەگۆڕێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا چەند گۆڕانکارییەک دەکرێن، لەوانەش دانانی کەسێک لە شوێنی وەزیری ئەوقاف و کەسێکیش لە جێگەی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەمڕۆ دوشەممە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان سێیەمین کۆبونەوەی خۆی لەدوای کۆنگرەی 14ەوە ئەنجام دەدات و کۆبونەوەکەش تایبەتکراوە بە گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی حزبەکە، لەوانەش گۆڕانکاری لە بەرپرسی لقەکان لە سنوری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، زاخۆ، راپەڕین و سۆران.

لیستی گۆڕانکارییەکانی ناو پارتی و دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لە پۆستە حکومییەکانیان بە لیستێک ئامادە کراوە و چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ پەسەند بکرێن، بەشێک لە گۆڕانکارییەکانیش بەم شێوەیە دەبن پشتیوان سادق دەست لەپۆستی وەزیری ئەوقاف دەکێشێتەوە و ئەحمەد کانی لەجێگەی دەستبەکاردەبێت، هەروەها عەبدولخالق بابیری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی لەجێگەی سەربەست لەزگین، دەبێتە بریکاری وەزیری پێشمەرگە.

بەشێکی دیکە لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، پێشنیازکردنی سێ ناوە بۆ هەڵبژاردنی دوو یاریدەدەر بۆ به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی پارتی له‌ دهۆك. ئەو ناوانەی پێشنیاز کراون هه‌ریه‌ك له‌ عه‌لی عه‌ونی، ئه‌ندامی كومیته‌یی ناوه‌ندی و به‌رپرسی لقی 8ـی پارتی له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، حه‌مید عه‌لی و سه‌باح به‌یتوڵڵان.

جێگەی باسە 12ی مانگی رابردو، كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعود بارزانی كۆبوه‌وه‌ و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی هه‌ڵبژارد، کە لە 17 ئەندام پێکدێت. 

ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی پێكدێن له‌ سیداد بارزانی، فازڵ میرانی، فوئاد حسێن، هۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، مەحمود محەمەد، کەمال کەرکوکی، رێبوار یەڵدا، زەعیم عەلی، هێمن ھەورامی، پشتیوان سادق، ھیوا ئەحمەد مستەفا، سەربەست لەزگین، زاگرۆس فەتاح، نەوزاد هادی، عەلی حوسێن و ئامینە زیکری

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار