خۆپیشاندانی بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆش خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژی بەشێک لە ناوچەکان بەڕێوەچوو و ئاماژەیان بەوەدا، "بایکۆتیان کردووە و بەردەوام دەبن لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان تا ئەو کاتەی دەکرێن بە هەمیشەیی."

ئەمڕۆ دوشەممە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و قەزای کۆیە و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێم، بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ درێژەیان بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دا و لەبارەی داواکارییەکانیشیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێن، داوای دامەزاراندن دەکەن و بڕیاریشیانداوە لەبەردەم پەروەردەکان درێژە بە بایکۆت و خۆپیشاندان بدەن.

ئاماژە بەوەش دەکەن، هۆکاری خۆپیشاندانەکەش دەگەڕێتەوە بۆ "بێباکی و خەمساردی حکومەتی هەرێم لەئاست مافە ڕەواکانمان".

مامۆستایانی وانەبێژ داوا لە هەردو وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردە دەکەن کە کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ  بە دامەزراندن چارەسەر بکەن، ئەوان دەڵێن، "دامەزراندن ئەو گرێیەیە کە هەمو گرێ بچوکەکانی دیکەی مامۆستایانی وانەبێژ دەکاتەوە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی پێشوشدا مامۆستایانی وانەبێژ چەند جارێک گردبوونەوە و داوای دامەزراندیانیان کرد و باسیان لەوەکرد ئەوان تەنانەت مۆڵەتی دایکایەتی و نەخۆشیشیان نییە و بەشێکی زۆری کەلێنەکانی کەرتی پەروەردەیان پڕکردووەتەوە بەڵام حکومەت گوێ لە داواکارییەکانیان ناگرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار