سورێژە لەناو کۆچبەرانی رۆژئاوای کوردستاندا بڵاوبووەتەوە

تاوەکو ئێستا ٤٠ منداڵ تووشی سورێژە بوون

3 ساڵ لەمەوپێش



سورێژە لە کەمپی تەل سەمیم، لە نێو کۆچبەرانی گرێ سپی رۆژئاوای کوردستاندا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە. باسی ئەوە دەکرێت کە بەهۆی بێ دەرمانیەوە، ناتوانرێت کۆتایی بە نەخۆشەکە بهێنرێت و زیاتر لە ٤٠ منداڵ تووشی نەخۆشیە بوون.

ئاژانسی هاوار نیوز رایگەیاند، نەخۆشی سورێژە بە شێوەیەکی خێرا لەنێو ئاوارەکانی کەمپی  تەل سەمیم بڵاوبووەتەوە کە ژمارەیان شەش هەزار و ٥٠٠ کەسە و هەمووان خەڵکی شاری گرێ سپین کە لە ساڵی ٢٠١٩دا لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، دوو بنکەی تەندروستی لە کەمپەکەدا هەوڵی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە دەدەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە، بە تەنیا تێستیان بۆ دەکرێت و نەخۆشیەکە بە شێوەیەکی خێرا بڵاودەبێتەوە و تاوەکو ئێستا ٤٠ منداڵ تووشی سورێژە بوون کە ژمارەیەکیان دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە.

سورێژە نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و نیشانەكان سەرەکیەکەی هەڵامەتە، چونكە ڤایرۆسەکە تووشی كۆئەندامی هەناسە دەبێت.

زیاتر لەنێو منداڵاندا بڵاودەبێتەوە کە سەرەتا تووشبووەکە كۆكە دەگرێت و لوت و چاوی ئاو دەکات. دوای پێنج رۆژ، پەڵەی سوور لەسەر پێست پەیدا دەبن.

نەخۆشەكە توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەكەی هەیە بۆ كەسانی دیکە. ئەو پرژانەی لەگەڵ كۆكە و پژمین و لەڕێگەی بۆری هەناسەوە دەردەچن، هۆكاری گواستنەوەی نەخۆشییەكەن، هەروەها بەركەوتنی راستەوخۆش هۆکارێکی دیکەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار