ڕێبەر ئەحمەد: داوا دەکەین خەڵکی دیکە کێشەکانیان نەهێننە ناو خاکی ئێمەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هیچ کات رێگە نادەن هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لەو کێشانەی بۆ وڵاتانی دراوسێ دروست دەبن، "لەبەرئەوەی خەڵکی ئێمە بەشێک نین لەو کێشانە و داواش دەکەین خەڵکی دیکە کێشەکانیان نەهێننە ناو خاکی ئێمەوە."
رۆژی سێشەممە 06-12-2022 رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی بە قەزابوونی سیدەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "پێشتر خەڵکی سیدەکان بۆ راپەڕاندنی کاروباری ئیداری دەبووایە سەردانی ئیدارەی سۆران بکەن، بەڵام لەمەودوا ئەو دەسەڵاتە دەگەڕێتەوە لای خۆیان و خۆیان دەتوانن ئیدارەی خۆیان بکەن."
ناوچەی سیدەکان هاوسنوورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا و بەردەوام لەلایەن سوپای ئەو وڵاتانەوە تۆپباران و بۆردوومان دەکرێت، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دەخوازین ئەو کێشانەی لەسەر سنوورەکان هەیە کۆتاییان پێبێت، لەبەرئەوەی خەڵکی ئێمە بەشێک نین لەو کێشانە و داواش دەکەین خەڵکی دیکە کێشەکانیان نەهێننە ناو خاکی ئێمەوە."
رێبەر ئەحمەد گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری ئارامی و سەقامگیری لە سنوورەکان دەکات و هیچکات رێگە نادەین هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لەو کێشانەی بۆ وڵاتانی دراوسێ دروست دەبێت، داواش لە وڵاتانی دراوسێ دەکەین هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بن و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن."
