ئەمریکا جارێکی دیکە دژایەتی خۆی لەمەرامبەر هێرشی سەر رۆژئاوا راگەیاند
3 ساڵ لەمەوپێش
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە پەرەسەندنی گرژییەکان لە سوریا و بەدرێژایی سنووری تورکیا و سوریا مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی دروست دەکات و ئەگەری هەیە زیان بە کارمەندانی ئەمریکاش بگەیەنێت، وەک ئەوەی لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا بینرا.
نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە دۆخی سوریا و هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان کرد و وتی: " ئێمە چەندین جار نیگەرانییە جددییەکانمان سەبارەت بە پەرەسەندنی ئاڵۆزیەکان لە باکوری سوریا دەربڕیوە کە کاریگەری لەسەر شەڕی دژی داعش دروست دەکات و ژیانی خەڵکی مەدەنی هەردوودیوی سنور دەخاتە مەترسیەوە و زۆر بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆمان دەبڕیوە."
نید پرایس لە وڵامی پرسیارێکدا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە هەندێک ناوچەی وەک منبج رایگەیاند، ئەو ئاگاداری رێککەوتنێکی بەو شێوەیە نییە و پێویستە بەرپرسانی تورکیا وڵامی پرسیارەکە بدەنەوە.
نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشی زەمینی بۆسەر رۆژئاوای کوردستانیش کرد و رایگەیاند، هێرشی زەمینی ژیانی خەڵکی سوریا زیاتر ناسەقامگیر دەکات و پێشکەوتنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پرسی شەڕی دژی داعشدا دەخاتە مەترسیەوە و وتی، " پێمان وایە دەبێت هەموو لایەنەکان دۆخەکە هێوربکەنەوە و ئەمەش پەیامی ئێمەیە کە چەند رۆژێکە چەندین جار دووبارەمان کردووتەوە."
قسەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە دوێنێ 6ی کانونی یەکەم، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ سەنیدکا کرێکاریەکانی تورکیا، جارێکی دیکە هەڕەشەی لە رۆژئاوای کوردستان و بە تایبەتی شاری کۆبانێ کرد.
هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان لە 20 رۆژ نزیک دەبنەوە و تاوەکو ئێستا شەهیدبوونی دەیان هاوڵاتی مەدەنی و شەڕڤانی هەسەدە لێکەوتووەتەوە.
