٢٠٠ هەزار کۆچبەری رۆژئاوا بێ کارەبا، نەوت و غاز چاوەڕێی زستانێکی سەخت دەکەن

3 ساڵ لەمەوپێش



حکومەتی سوریا گەمارۆی قورس بەسەر دانیشتوانی کانتۆنی شەهبا و کۆچبەرانی عەفرین دەسەپێنێت و لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی، دەرمان و پێداویستیە سەرەتاییەکان دەناڵێنن.

زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کۆچبەری کورد، عەرەب و تورکمان لە کانتۆنی شەهبا دەژین. لە ساڵی ٢٠١٨ەوە لە نێو پێنج کەمپدا کۆبوونەتەوە و بەشێکی کەمیشیان لە گوندەکان دەژین. بەشێک لە ناوچەکە لەژێر دەسەڵاتی تورکیا و بەشێکیش لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادایە. جگە لە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هیچ لایەنێک هاوکاریان ناکات و جگە لەوەش رێگری لە هاوکاریەکان دەکرێت.

لەئەنجامی بەردەوامی گەمارۆکان، دۆخی کۆچبەران رۆژ بە رۆژ  خراپتر دەبێت و زۆرێک لە دامودەزگاکان بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی ناتوانن درێژە بە کارەکانیان بدەن.

دکتور ئازاد رەشۆ ئەندامی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەڤرینی کانتۆنی شەهبا بە ئاژانسی هاوار نیوزی راگەیاند، کۆچبەران لە دۆخێکی خراپدان. کارەبا نییە و هەندێک سووتەمەنی تەرخان کرابوو بۆ نەخۆشخانەکە، بەڵام بەرەو تەواو بوون دەڕوات و ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و سووتەمەنی و دەرمان نەمێنێت کارەسات روودەدات.

لە رۆژی ٣ی کانونی یەکەمەوە، حکومەتی سوریا هەموو رێگاکانی نێوان کانتۆنی شەهبا و ناوچەکانی دیکەی سوریا و رۆژئاوای کوردستانی داخستووە و رێگە نادات، سووتەمەنی رەوانەی کانتۆنی شەهبا بکرێت. بەو هۆیەوە مۆلیدەکان و ئۆتۆمبێڵەکان لەکار کەوتوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار