کێربی: نامانەوێت ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باکوری سوریا ببینین
3 ساڵ لەمەوپێش
لەگەڵ ئەوەی هەڕەشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، ئەمریکا جارێ دیکە، دژایەتی خۆی بۆ ئۆپراسیۆنی زەمینی تورکیا پیشاندا.
جۆن کێربی ریکخەری پەیوەندیە ستراتیژیەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەمریکا پشتیوانی لە تورکیا دەکات کە بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام ئۆپراسیۆنی تورکیا بۆسەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە مەترسی دەزانێت.
کێربی وتی، " ئێمە نامانەوێت ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ببینین. ئۆپراسیۆنەکە گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و سەرباز و کارمەندانی ئەمریکا لە سوریا دەخاتە مەترسیەوە. رێگری لە ئەرکەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دەکات."
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژیەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی دەشڵێت، " ئێمە ئاگاداری ئەو مەترسییەین کە رووبەرووی گەلی تورکیا دەبێتەوە، بەڵام باوەڕمان بەوە نییە کە بیرۆکەی ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆسەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا باشترین ڕێگا بێت بۆ نەهێشتنی مەترسیەکە."
دوێنێ ئەلجەزیرە لە زاری بەرپرسێکی حکومەتی تورکیاوە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە رایگەیاند، تورکیا دوو حەفتە مۆڵەتی داوەتە ئەمریکا و روسیا کە هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە کۆبانێ، منبج و تەل رەفعەت بکێشنەوە، بە پێچەونەوە دەست بە ئۆپراسیۆنی زەمینی دەکەن.
