هیومان رایتس وۆچ: هێرشەکانی تورکیا قەیرانی مرۆیی زیاتر کردووە

3 ساڵ لەمەوپێش



هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا کە لە ٢٠ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، زیانی بە دانیشتوان و ژێرخانی خزمەتگوزاری لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا گەیاندووە و قەیرانی مرۆیی زیاتر کردووە.

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بڵاوکردەوە و دەڵێت، هێرشەکان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هاوڵاتیان، پچڕانی هێڵی کارە، کەمیی سووتەمەنی و رێکخراوەکانی فریاگوزاری ناچارکردووە هەندێک لە چالاکیەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی رابگرن و قوتابخانە و دەوامیان پەکخستووە.

راپۆرتەکە لە زاری ئادەم کوگل جێگری بەرێوەبەری دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هیومان رایتس وۆچ بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، "هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر دانیشتوان و ژێرخانی گرنگ لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، مافە سەرەتایەکانی هاوڵاتیانی مەدەنی خستووتە مەترسیەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی هەرێمەکە لە ئێستادا بەدەست کارەساتێکی مرۆیی و پەرەسەندنی قەیرانی ئاوارەبوون و ئابوریی دەناڵێنن و هێرشە سەربازیەکانی تورکیا مەترسی لەسەر ژیانی عەرەب و کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکە دروست کردووە.

لە راپۆرتەکەدا باس لە ئاماری رێکخراوە ناحکومیەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کراوە، کە لانیکەم ١٠ هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشە ئاسمانیەکاندا کوژراون، لەنێویاندا رۆژنامەنووس "عیسام عەبدوڵلا" کە لەکاتێکدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ دانیشتوانی شاری دێریک دەکرد بەهۆی بۆردومانی درۆنەکانی تورکیا کوژرا.

دەشڵێت، بەئامانجکردنی دامەزراوەکانی نەوت و غاز، قەیرانی کەمیی سووتەمەنی زیاتر کردووە، ئەمەش وایکردووە، دانیشتووانی هەرێمەکە لە زستاندا کێشەی چێشت لێنان و گەرمکردنەوەیان هەبێت.

هیومان رایتس وۆچ وتی: تورکیا پێویستە هێرشە سەربازیەکانی کە قەیرانی مرۆیی و ئاوارەبوون لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا زیاتر دەکەن بوەستێنێت.

رێکخراوەکە داوای لە هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەکانی تورکیا کردووە کە فشار بخەنە سەر ئەنقەرە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە هێرشەکانی هەڕەشە لە مافە سەرەتایەکانی خەڵکی سوریا دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار