26پاڵاوگەی نایاسای لە سنوری پارێزگای دهۆک لەناودەبرێن

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی/دهۆک

سەرۆکی لیژنەی وزەو پێشەسازی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند دوو رۆژە قایمقامیەی قەزای سێمێل هەڵساوە بە تێکدانی دیواری 26 پاڵاوگەی نایاسای لەو ناوچەیە کە لەگەڵ ئەوەی نایاسای بوون زیانێکی زۆریشیان بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.

عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی وزەو پێشەسازی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بە هاوڵاتی ی وت"لە2015وە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بەکۆی دەنگ بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نەیاساییەکانی ناوچەی کواشێی دەرکردوە کەئەوکات 45 پاڵاوگە بوون، دواتر وەزارەتی ناوخۆ، ئیدارەی پارێزگای دهۆکیش بڕیاری داخستنی یان دەرکرد بەڵام بەداخەوە بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا ئەوەش بەهۆی ئەوەی خاوەنەکانی پاڵاوگەکان بەهێز بوون و دەستێکی گەورە لە پشت یانەوە بوو، پێویستبوو هەر ئەوکات رێگرییان لێ کرابا چونکە ئیشکردنیان زیانێکی زۆر گەورە بەر ژینگەی پارێزگای دهۆک و خەڵکەکە گەیاندوە".

 ووتیشی"بەپێی زانیاریەکانم زیاتر لەمانگێکە هیج پاڵاوگەیەک ئیشی نەکردوە و نەوتی خاو بۆیان نەڕویشتووە، بڕیاری لەناوبردنی پاڵاوگەکان هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە بەڵام لەمەش گرنگتر چیتر رێگا بەهیچ کەس و لایەنێک نەدرێت لەوشوێنەیە ئیش بکات".

ئەوەشی ڕونکردەوە ،"دوو رۆژە قایمقامیەی قەزای سێمێل هەڵساوە بە تێکدانی دیواری 26 لەو پاڵاوگانە و لەناوبردنی کەل و پەلیان کە ئەمەش هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە".

هاوکات دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پاڵاوگەکان بەهۆی نەبوونی مەرج و رێنماییەکانی تایبەت بە دانانی پاڵاوگە و دروستکردنی مەترسی لەسەر تەندروستی دانیشتوان، داخراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار