وەزارەتی کارەبای هەرێم کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای ئاشکرا کرد
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حکومەتی هەرێم رایگه‌یاند، له‌ئێستادا تێكڕای پێدانی كاتژمێره‌كانی كاره‌با ١٤ كاتژمێره لە شەو و رۆژێکدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئومێد ئه‌حمه‌د وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێم رایگەیاند، له‌ئێستادا به‌تێكڕا له‌شه‌و و رۆژێكدا ١٤ کاتژمێر کارەبا ده‌درێته هاوڵاتییان. ده‌شڵێت، "ئەمساڵ له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی زستان و سه‌رماوسۆڵه، هه‌زار و ٥٠٠ مێگاوات خواست له‌سه‌ر كاره‌با زیادی کردووە".
ئاماژەی بەوەشدا، له گه‌رمیان ١٧ كاتژمێر كاره‌با، له سلێمانی ١٠ كاتژمێر، له دهۆك ١٤ و له هه‌ولێر ١٢ كاتژمێر کارەبا دەدرێتە هاوڵاتییان و بەمەش ده‌توانن بڵێن كه به تێكڕایی پێدانی كاتژمێره‌كانی كاره‌با ١٤ كاتژمێره.
هەروەها، باسی له هۆكاری كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی پێدانی ئه‌مپێری كاره‌با له ٤٠ ئه‌مپێره‌وه بۆ ٣٠ ئه‌مپێر كرد و وتی، چاره‌سه‌ركردنی ئۆڤه‌رلۆد، پاراستنی گۆڕه‌ڕه‌كانی كاره‌با له سوتان و زیادكردنی كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌با به هاوڵاتییان هۆكاره‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌مپێره‌كانی كاره‌با بوون.
ئومێد ئه‌حمه‌د ئەوەشی خستەڕوو، ئه‌گه‌ر بڕی كاره‌بای هاوڵاتییان له ٤٠ ئه‌مپێره‌وه نه‌كرابایه به ٣٠ ئه‌مپێر، ده‌توانرا رۆژانه ١٢ كاتژمێر به تێكرایی كاره‌با به هاوڵاتییان بدرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌با به به‌رزبوه‌ته‌وه بۆ ١٤ كاتژمێر.
دەشڵێت، له‌ئێستادا رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با بووه‌ته سێ هه‌زار و ٦٠٠ مێگاوات، ٢٠٠ مێگاوات بۆ تۆڕی گشتیی كاره‌با زیادبووه، به‌ڵام به گشتی له وه‌رزی زستاندا خواست له‌سه‌ر كاره‌با زیاد ده‌بێت و ئه‌مساڵیش له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی زستان و سه‌رماوسۆڵه، هه‌زار و ٥٠٠ مێگاوات خواست له‌سه‌ر كاره‌با زیادی کردووە.
