بەریتانیا پێنج قاچاغچی كورد بە ٢٤ساڵ زیندانی سزادەدات
3 ساڵ لەمەوپێش
كاوە ڕەش
ڕۆژی هەینی ٩ی دیسەمبەر، دادگای شاهانە لەشاری مانچەستەری بەریتانیا، سزای ٢٤ ساڵ زیندانی بەسەر پێنج قاچاغچی كوردا سەپاند، بەتاوانی هێنانی كۆچبەری كورد لەڕێگای شاردنەوەیان لەپشتی لۆریی و بارهەڵگرەكانەوە بۆ بەریتانیا، و بەڕێوەبردنی تۆڕێكی قاچاخچێتیكردن بەكۆچبەرانەوە لەئەوروپا.
ئەو باندە كوردە، پێك هاتوون لەپێنج قاچاخچی، كەسەرۆكەكەیان ناوی (ت، ن)، تەمەن ٤٥ ساڵ و دانیشتوی شارۆچكەی ئۆڵدهامە، لەنزیك مانچەستەر. دادگای شاهانەی مانچستەر، گوێبیستی كەیسی لێكۆڵینەوەو بەڵگەكانی ئەو گروپەی بوو كەكاری بەدواداچوونی لەسەر كراوە ”، لەساڵی ٢٠١٧وە لەلایەن ئەفسەرانی لێكۆڵینەوەی ئاژانسی بەرنگاربونەوەی تاوانی نیشتمانی بەریتانیا. (ت، ن) تۆڕێكی ئاڵۆزی قاچاخچێتی و پڕ قازانجی بەڕێوەدەبردوە كە كۆچبەرانی لە عێراق و ئێرانەوە گواستوەتەوەو پەیوەندی لەگەڵ چەندین قاچاخچی دیكەی دەرەوەی وڵات هەبووە. كارەكانی بەهاوكاری هەریەكە لە (ه، د) تەمەن ٣٩ ساڵ، دانیشتوی مانچستەرو (س، س)، تەمەن ٣٢ ساڵ دانیشتوی ستۆكۆنتری بوون، كەئەوان یارمەتیدەر بوون لەقۆناغی كارەكانی لەناو بەریتانیادا. (ه، ح) تەمەن 54 ساڵ دانیشتوی شاری ستۆك، ئەویش ڕۆڵ و ئەركی لەگواستنەوەی كۆچبەراندا گێڕاوە، و (ه، ع، ز) تەمەن 32 ساڵ، دانیشتوی شاری نۆتینگام، ئەو گەشتی كردوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، تالەوێوە چاوساغی بكات بۆ هێنانی كۆچبەری نایاسای.
ئەو باندە ڕێكخراوە، پەیوەندیان لەگەڵ چەندین شوفێری تورك و پۆڵۆنی هەبووە بۆ بەچاغبردنی دەیان كۆچبەر، لەتوركیاو وڵاتانی دیكەی ئەوروپاوە بۆ ناو خاكی بەریتانیا. بەپێی ئەو تۆمارانەی لەتەلەفۆنی (ت، ن) دۆزراونەتەوە، ئەوە دەردەخەن، كەڕەنگە لەماوەی ٥٠ ڕۆژدا لانیكەم ١٩٠٠ كۆچبەری لە وڵاتانی بەڵكانەوە بۆ فەرەنساو ئەڵمانیا گوستبێتەوە بەهاوكاری تۆڕەكەی كەبۆ هەر كۆچبەرێك نزیكەی ١٨٠٠ یۆرۆی وەرگرتوە.
دواتریش ئەگەر كۆچبەرەكان بیانویستایە بێن بۆ بەریتانیا ئەوە پارەی زۆرتریان لێ وەرگرتوون. ئەو گروپە كارەكانیان دابەشكردوە بەشێكیان لەناو فەرەنساو بەلجیكاوە لەگەڵ ژمارەیەك شوفێری بارهەڵگر ڕێكەوتون كەكۆچبەرەكان لەناو كڵاوەی لۆری و هێندێك جاریش لەناو باری لۆریەكان بشارنەوە، تالەكۆنتڕۆڵ دەردەچن و دواتر لەناو بەریتانیا بەئۆتۆمبیل دەیان گوازنەوە شوێنی مەبەست. (ه، ح)، لەسەر ڕێگای ئێم ٢٦ لەلایەن ئەفسەرانی ئاژانسی بەرنگاربونەوەی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا ڕاگیراوە كەلەپشتەوەی سەیارەكەی ئافرەتێكی كوردی عێڕاقی گواستۆتەوە كەلەدۆڤەر لەلۆری دابەزیوە.
هەر هەمان ڕۆژیش (س، س) دەستگیركراوە كەپێكەوە ئەو ڕۆژە پەیوەندیان هەبووە. دواجار لە ئۆپەراسیۆنێكدا گروپەكەی (ت، ن) ، لەمانگی نیسانی ٢٠١٨ هەڵوەشایەوە، كاتێك ئەو و دوو كەسی تری گروپەكەی لەلایەن ئەفسەرانی ئاژانسی بەرنگاربونەوەی تاوانی نیشتیمانی دەستگیركران. ڕۆژی ٩ی دیسەمبەریش بە٢٣ساڵ و ١١مانگ زیندانی سزا دران. هەرچەندە لەڕۆژی دادگای كردندا (ت، ن)، ئامادەی دادگای كردنەكەی نەبوو، بەهۆی خۆشاردنەوە، بەڵام دادوەر بەغیابی سزاكەی بەسەردا سەپاندوە.
ئاژانشی بەرەنگاربونەوەی تاوانی نیشتیمانی داوا دەكات، هەركەسێك زانیار لەسەر شوێنی خۆ حەشاردانی (ت، ن) هەیە پەیوەنیان پێوە بكات.
