کۆنسەی ئەوروپا: بە زوترین کات پێویستە دەمیرتاش ئازاد بکرێت
3 ساڵ لەمەوپێش
ئەنجومەنی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا داوای کرد، بە زوترین کات سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئازاد بکرێت.
دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا لەبارەی ژمارەیەک پرسی ناوخوی دەرەوە و ناوەوەی ئەوروپا کۆبووە.
دوای کۆبونەوەکە، ماڵپەڕی کۆنسەی ئەوروپا ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی ئاشکرا کرد کە لە بەشێکیدا، داوا دەکات سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بە زوترین کات ئازاد بکرێت.
لە داواکاری کۆنسەی ئەوروپادا هاتووە کە پێویستە دەوڵەتی تورکیا بڕیاری دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی ئازادکردنی دەمیرتاش جێبەجێ بکات.
لەلایەکی دیکەوە، رەمەزان دەمیر یەکێک لە پارێزەرانی دەمیرتاش لە تویتێکدا هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، کۆنسەی ئەوروپا داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دەکات.
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە ٤ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦دا دەستگیرکرا و داواکاری گشتی تورکیا بە دەیان دۆسیەی لەدژیی جووڵاند و شەش ساڵە لە زینداندایە.
