هەسەدە ناسنامەی دوو شەهیدی ئاشکرا کرد و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە
3 ساڵ لەمەوپێش
دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر ژمارەیەک ناوچەی رۆژئاوا و ناسنامەی دوو شەڕڤانی شەهید ئاشکرا کران.
فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا ئەمڕۆ ناوچەی کامیکازی نێوان گوندی عاقیب و بێنێ کانتۆنی عەفرینی بۆردومان کرد. بەو هۆیەوە زیانێکی زۆر ماددی دروست بوو.
میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەیان بەوەدا، گوندەکانی جیشان، کۆران و مەرج ئیسماعیلی رۆژهەڵاتی شاری کۆبانێش تۆپبارانکراون.
هەروەها گوندی گوزەلی ناوچەی تەل تەمری کانتۆنی حەسەکەش بە کاتیۆشا موشەکباران کراوە.
ئاژانسی هاوار نیوز باسی ئەوەی کرد کە بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر سنور ، رێگەی ئێم٤، کەمپی عەین عیسای رۆژئاوای ناوچەی عەین عیسایان بە هاوەن تۆپباران کردووە.
باسی ئەوەش دەکرێت کە دەوڵەتی تورکیا گوندی سەمۆقای کانتۆنی شەهبای تۆپباران کردووە و تۆپێکیان بەر بارەگایەکی سوپای سوریا کەوتووە و سەربازێکی سوریا کوژراوە.
بەگوێرەی ئامارێکی ئاژانسی هاوار، ئەمساڵ زیاتر لە ٥٢ سەربازی حکومەتی سوریا بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، لە راگەیەندراوێکدا، ناسنامەی دوو شەڕڤانی خۆی ئاشکرا کرد کە لە هێرشی ٣ی کانونی یەکەمدا لە شاروچکەی عامودێ شەهید بوون.
