هەسەدە دەستگیرکردنی ئەمیرێک و دوو چەکداری داعشی راگەیاند
3 ساڵ لەمەوپێش
هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) رایگەیاند، لە سێ ئۆپراسیۆنی جیاوازدا، ئەمیرێک و دوو چەکداری داعش دەستگیرکراون.
هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەری تایبەتی خۆی بڵاوکردووتەوە ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، جموجووڵی داعشیش لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا زیادی کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، داعش هێرشەکانی تورکیای وەک هەلێک قۆزتووەتەوە و پلانی بۆ چەندین هێرشی تیرۆریستی داڕشتووە.
هەسەدە دەڵێت، یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات)، بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە چەند شار و ناوچەیەک دەستی بە چەند ئۆپراسیۆنێک لەدژی شانە شاراوەکانی داعش کردووە.
راشیگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکاندا, ئەمیرێکی داعش و دوو بەرپرسی رێکخراوەکە کە بەرپرسی دابینکردنی چەک و پێداویستی سەربازی بوون، لە نزیک شاروچکەی هۆڵ، تەل حەمیس و دێرەزۆر دەستگیرکراون.
هەروەها دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیشدا گیراوە.
