دەمیرتاش بە چیرۆکێک رەخنە لە ئۆپۆزسیۆن دەگریت: بۆچی گا زەردەکەتاندا!
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە زیندانەوە، لە رێگەی چیرۆکێکەوە رەخنەی لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا گرت و بەو چیرۆکە ئاماژەی بەوەکرد کە چۆن سەرەتا لە دەستگیرکردنیی ئەو و هاوڕێکانی ئۆپۆزسیۆن بێدەنگ بووە، ئێستاش نۆرەی ئەوان هاتووە.
دەمیرتاش چیرۆکی 'گا زەردەکەی گێڕایەوە' کە چیرۆکەکەی دەمیرتاش بەم شێوەیەیە؛
" شێرەکان لە دارستان، کۆبوونەوە. دەستیان کرد بە بیرکردنەوە و لە چارەسەرییەک دەگەڕان بۆ ئەوەی خۆیان تێر بکەن. جارجارە هەوڵیان دەدا هێرش بکەنە سەر گاکانی دارستانەکە، بەڵام نەیاندەتوانی ڕاویان بکەن، زۆر برسی ببون و ئەگەر رێگەیەکیان نەدۆزیبایە، لە برسا دەمردن.
لەنێویاندا شێرێکی ژیر هەبوو و ئاڵایەکی سپی هەڵدەکات و دەچێتە نێو گایەلەکە و دەڵێت؛
-گا بەڕێزەکانم! لە راستیدا نیەتمان خراپ نییە، بەڵام ئێوە گایەکی رەنگ زەردتان هەیە، زۆر رقمان لێیەتی، بەو هۆیەوەیە کە هێرش دەکەینە سەرتان. ئەگەر گا زەردەکەمان بدەنێ، بۆ هەردوولامان باشە، ئێدی پەلامارتان نادەین.
دوای گفتوگۆیەکی زۆر، گاکان رازی دەبن و بەداخەوە گا زەردەکە دەکەنە قوربانی.
ماوەیەک گاکان بە ئارامی دەژین، بەڵام شێرەکان جارێکی دیکە دێنەوە و دەڵێن؛
-لە راستیدا هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئێوەدا نییە، گا کلک درێژەکە گایەکی زۆر ناشرینە و نیگەرانمان دەکات، بماندەنێ و با رزگارتان بێت...
گاکان بەم پێشنیازەش رازی دەبن. شێرەکان دوای چەند رۆژێک دینەوە و داوای گا قەڵەوەکە دەکەن، دواتر دێن و داوای گا گەورەکە دەکەن. بەم شێوەیە چەند جارێک شێرەکان دێن و ئەم دۆخە دووبارە دەبێتەوە. ئێدی دۆخەکە گەیشتە ئەوەی کە هەموو رۆژێک دەهاتن و دەیانگوت، نابێت نارەزایەتی دەرببڕن.
سەرۆکی گاکان، دادەنیشێت و بیر دەکاتەوە و بە گایەکی نێو گایەلەکە دەڵێت:
-ئێمە بۆچی ئاوهامان لێهات و شەڕەکەمان دۆڕاند؟
گاکە لە وڵامدا دەڵێت، ئێمە گا زەردەکەمان بە شێرەکاندا، بۆیە ئەم دۆخەمان بەسەرداهات!"
سەلاحەدین دەمیرتاش، بەم شێوەیە رەخنە لە ئۆپۆزسیۆن دەگرێت کە لەبەرامبەر دەستگیرکردنی خۆی و هاوڕێکانی بێدەنگ بوون، تاوەکو وای لێهاتووە، ئێستا دەسەڵات دەست بۆ هەموو ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن دەبات.
