گەرمیان: لێدانی بیرە نەوتێکی گەورە خەریکە شکست دەهێنێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کۆمپانیای گاز پڕۆمی ڕووسی نەگەشتۆتە ئەو بڕە نەوتەی کە پیشبینی دەکرا لە لیدانی بیرە نەوتی سەرقەڵای پێنج لە قەزای کفری، کۆمپانیاکە بڕی ٤ ملیۆن دۆلاری تێداخەرج کردووە و بەوهۆیەوەش خەریکە توشی زیانێکی زۆر دەبیتەوە.

بەپێی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا بیرە نەوتی سەرقەڵا پێنج کە دەکەوێتە سنوری گوندی ملە سورەی سەرقەڵای قەزای کفری، لە مانگی حەوتی ئەمساڵەوە دەستکراوە بە کارکردن تێیدا و لێدانی بیرەکە سێ قۆناغی بڕیوە لە کۆی پێنج قۆناغی لێدانی بیرەکە؛ لەگەڵ ئەوەشدا کە بڕێکی زۆر گاز ونەوتی تێدایە بەڵام نەگەشتۆتە ئەو بڕەی کە پێویستە.

ئاراز محەمەد ڕۆژنامەنوسی ئابوری و بواری نەوت، لەبارەی بیرە نەوتەکانی گەرمیانەوە کە چوار بیرە نەوتن ئەوانیش بیرە نەوتەکانی سەرقەڵا یەک و دوو، بیرە نەوتی سەرقەڵا چوار وپێنجن، دەڵێت" بیرە نەوتەکانی گەرمیان ئاستی بەرهەمهێنانیان کەم بۆتەوە بەجۆرێک لە ٣٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ ١٤ هەزار بەرمیل دابەزیوە، جگە لەوەش بەشێک لە بیرە نەوتەکان تێیاندا گاز تێکەڵ بە ئاو بووە"

لەبارەی دابەزینی ئاستی بیرە نەوتەکانی سنوری گەرمیان تەها ئیبراهیم، بەڕێوبەری ناحیەی سەرقەڵا دەڵێت، لەوکاتەی من دەستبەکاربوومە ئاستی دەرهێنانی نەوت نەگەشتۆتە زیاتر لە ١٧ هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا.

سەرجەم بیرە نەوتەکانی سنوری گەرمیان دەکەونە سنوری قەزای کفریەوە، ئەو نەوتەی کە لەوێ دەرئەهێنرێت لە قەزای خورمەڵەوە دەنێردێت بۆ تورکیا ولەوێشەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان ئەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار