دەمیرتاش: ئەو زلەیەی لە پەرلەمانتارێكی هەدەپە درا لە هەڵبژاردنەکاندا بەرخۆیان دەکەوێتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە رایگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا سنورەکانی بە تەواوی تێپەڕاندووە و وتی، " ئەو زلەیەی کە دوێنێ پۆلیسێک لە فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپەدا، لە هەڵبژاردنەکاندا بەرخۆیان دەکەوێتەوە.

دوێنێ لە شاری ئەستەنبوڵ، خۆپیشاندانێکی فراوان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە و دژی سیاسەتی شەڕ بەڕێوەچوو. پەرلەمانتار و ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشداریان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد.

هێزە ئەمنیەکانی تورکیا خۆپیشاندەرانیان گەمارۆدا و توندوتیژیان بەکارهێنا. بەرپرسێکی پۆلیس لە خۆپیشاندانەکەدا زلەیەکی لە فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپەدا و ئەوەش نارەزایەتیەکی گەورەی لێکەوتەوە.

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لەمبارەیەوە تویتێکی بڵاوکردەوە و وتی، " ئەم دەسەڵاتە کە قوڕگی لەنێو خراپەکاریدا نوقم بووە، بە تەواوی سنورەکانی تێپەڕاندووە."

دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، ئەو هێرشەکەی دوێنێ کە لەدژی دایکانمان و لەدژی فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپە ئەنجامدرا، لەلایەن کوردەوە هیچ کاتێک لەبیرناکرێت.

دەمیرتاش لە کاردانەوەکەیدا لەبەرامبەر ئەو زلەیەی کە لە فەرهاد ئەنجو درا وتی، " ئێوە زلەتان نەبینیوە، چاوەڕێی سندوقەکانی هەڵبژاردن بکەن، دەبینن کە زلە چییە."

هەر دوێنێ، ئەندامانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان، بزوتنەوەی ژنانی ئازاد، پارتی دیموکراتی هەرێمەکان، پارتی دیموکراتی گەلان، هێزەکانی تێکۆشانی یەکگرتوو، کۆمەڵەی هاوکاری و پشتگیری خانەوادەی زیندانی و سزادراوانی ئیجە، لە گۆڕەپانی کۆناکی شاری ئیزمیر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

ئەندامانی پارت و رێکخراوە کوردیەکان داوایان کرد، گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە هەڵبگیرێت و رێگە بدریت، پارێزەر و خانەوادەکان سەردانی ئیمڕالی بکەن کە ئۆجالان و سێ زیندانی دیکەی پەکەکە لەو دورگەیە بەندکراون.

ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، هێزە ئەمنیەکان رێگریان لە خۆپیشاندانەکە کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و بە ئەشکەنجە و لیدان ٥٠ کەسیان دەستگیر کردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار