هیومان رایتس وۆچ ئیدانەی توندوتیژییەکانی دەسەڵاتی ئێران لە سنە دەکات
لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە 18 کەس کوژراون
خۆپیشاندانێکی شاری سنە
3 ساڵ لەمەوپێش
رێکخراوی نێودەوڵەتی هیومان رایتس وۆچ سەرکوتی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دڕندانە ناو دەبات و ئیدانەی دەسەڵاتی ئێران و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە دەکات.
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا لە بەیاننامەیەکدا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند ؛ هێزە ئەمنییەکای ئێران لە مانگی ئەیلولەوە بە توندی سەرکوتی خەڵک و خۆپیشاندەرانی شاری سنەیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردوە.
رێکخراوەکە ئاشکرای کردوە دەیان بەڵگە و تۆماری ڤیدیۆیی لەسەر سەرکوتی خەڵکی ئەو شارە کۆکردوەتەوە و لە چوارچێوەی راپۆرتێکدا رادەستی نەتەوەیەکگرتوەکان دەکرێت.
بە پێی راپۆرتی ئەو رێکخراوەیە هەر لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکاندا هێزی ئەمنی و سەربازیی رەوانەی شاری سنە کراوە و بە چەکی سەربازیی و غازی فرمێسکڕێژ هێرشکراوەتە سەر خۆپیشاندەرانی شارەکە و هێزە ئەمنییەکانیش هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خەڵک و دەیان کەس دەستگیر کراون.
لە بەشێکی دیکەدا هیومان رایتس وۆچ ئاماژەی بەوە کردوە لە زیندان و ناوەندە ئەمنییەکانی شاری سنە گەنجان و ژنان روبەڕوی توندوتیژی و ئەشکەنجە و دەستدرێژیی بونەتەوە و دەستگیرکراونیش لە سەرەتاییترین مافەکان بێبەش کراون.
راپۆرتی ئەو رێکخراوە نێودوڵەتییە لە کاتێکدایە بە پێی ئامارەکان تەنها لە شاری سنە زیاتر لە 18 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون و دەیان کەس برینداربون و زۆرترین کەسیش لەو شارەی رۆژهەڵات دەستگیر کراون.
تا ئێستا و دوای 96 رۆژ لە مەرگی ژینا رۆژانە بە بێ دابڕان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لە شاری سنە بەردەوام بوە و یەکەم شاری رۆژهەڵاتی کوردستان بوە کە بە بێ وەستان بەردەوام بە شەو و بە رۆژ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی تێیدا بەڕێوچوە.
