پنتاگۆن: هەڵوێستمان بەرامبەر ئۆپراسیۆنی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا نەگۆڕە

3 ساڵ لەمەوپێش



پات رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا لەبەرامبەر ئۆپراسیۆنی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، پێشتر رایانگەیاندووە کە لەدژی ئۆپراسیۆنی تورکیان.

رایدەر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە پنتاگۆن، وڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و ئاماژەی بە دۆخی سوریا و هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان کرد. وتەبێژی پنتاگۆن دەڵێت، هەڵوێستیان بەرامبەر ئۆپراسیۆنی تورکیا بۆسەر 'باکوری سوریا' نەگۆڕە.

رایدەر لەبارەی چالاکی هێزەکانی ئەمریکاش لە رۆژئاوای کوردستان وتی، " لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، کە بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە ئۆپراسیۆنەکان راگیرابوون، دەستمان بە دەوریە هاوبەشەکان و ئۆپراسیۆنەکان لەدژی داعش کردووەتەوە."

وتەبێژی پنتاگۆن لە وڵامی پرسیارێکدا کە ئایا تورکیا بەرلەوەی ئۆپراسیۆن ئەنجام بدات، ئەمریکا ئاگادار دەکاتەوە وتی، " نامەوێت بەناوی تورکیاوە قسە بکەم. بە بەردەوامی لە ئاستە جیاوازەکاندا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا گفتوتۆ دەکەین. هیوادارین دۆخێک دروست نەبێت کە ئاسایشی هێزەکانمان بکەوێتە مەترسیەوە."

هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا کە 19ی تشرینی دووەم لەدژی چەندین ناوچە و شاروچکەی رۆژئاوای کوردستان، بووە هۆکاری ئەوەی، هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) دەوریە و ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا بوەستێنێت.

ئەمریکاش هەر لە سەرەتای هێرشەکانەوە، داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی لە تورکیا کرد و رایگەیاند، چەند هێرشێک لە نزیک بنکە سەربازیەکیانیان ئەنجامدراوە کە ئەمەش ژیانی سەربازانی ئەمریکا، دەخاتە مەترسیەوە و داوای راگرتنی هێرشەکانی کرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار