٩٦ رۆژە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و یەڵدای ماتەمەینیی بۆ کوژراوانی رۆژهەڵات و ئێران بەڕێودەچێت

3 ساڵ لەمەوپێش



96 رۆژە سەرەڕای هەمو هەوڵەکانی دەسەڵات بەڵام ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و خۆپیشاندان لە شەقامەکانی سنە و سەقز و تاران دەستی پێکردەوە و شەوی یەڵدا لە بۆنەیەکی خۆشی ئاهەنگەوە بوەتە شەوێکی خەمبار بۆ وڵاتەکە و ئەمریکاش بەو بۆنەیەوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و جەختی لە پشتیوانیی بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان کردەوە و هەنگاوەکانی ئێرانیش بۆ سەرکوت بە قێزەون ناوبرد و رایگەیاند ئەو دەسەڵاتە هەمو سنوڕێکی بێڕەوشتیی تێپەڕاندوە.

ئەمڕۆش بۆ سێیەم رۆژ لە دوای یەک شاری کامیاران لە مانگرتندابو و دوکان و بازاڕەکانی ئەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکرانەوە.

شەوی سێشەمە گەنجانی شاری سنە و سەقز بە کردنەوەی ئاگر چەند شەقامێکی ئەو شارانەیان کۆنتڕۆڵ کرد و دروشیمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە.

دانیشتوانی سەرتاسەتی ئێران و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی جیاواز لە شەوی یەڵدا یادی گیانبەختکراوانی ناڕەزایەتییەکانیان کردەوە و لە زۆربەی شارەکان مۆم لەسەر گڵکۆی ئەو کوژراوانە داگیرسێنرا و گڵۆپ و روناکیی ماڵەکانیش بۆ یادی کوژراوان کوژێنرانەوە.

لە شاری سنە یادی چلەی پەیمان مینبەری کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە کوژرا کرایەوە و هاوکات یادی رامین فاتحی کرایەوە کە دوای دەستگیرکردنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دواتر گۆڕەکەی پیشان کەسوکاری درا.

باوکی محەمەد حاجی رەسوڵپور دوای مەرگی کوڕەکەی بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران رایگەیاند؛ داواکارم لە خودا گەلەم سەرکوتو بکات و هەزارن دایک و باوکی بەساڵاچو چاوەڕوانی دەستی گەنجان و لاوان شکست بە دوژمنی کورد بێنن.

لە شارەکانی ئیلام ، سنە، سەقز، مەریوان، بۆکان و ورمێ دەستگیرکردنی گەنجان و لاوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکان بەردەوامبو و دەیان کەس لەو شارانە دەستگیرکراون و چارەنوسیان نادیارە.

رۆژنامەنوسێکی کورد بە ناوی سامان غەزالی، خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە بە تۆمەتی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی سزای هەشت مانگ زیندانی و ساڵێک دورخستنەوە لە پیشەکەی بەسەردا سەپێنرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە؛ سامان سەیدی ناسراو بە یاسین، هونەرمەند و راپەری کورد کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە بە خواردنی حەب هەوڵی خۆکوشتنی داوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئامادەکاریی بۆ جێبەجێکردنی سزاکای.

ئەو رێکخراوەیە لە زاری کەسوکاری یاسین ئاماژەی بەوە کردوە ئەو هونەرمەند لە ئێستادا هۆشیاریی خۆی لەدەستداوە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.

یاسین لە ناڕەزایەتییەکانی شاری تاران دەستگیر کرا و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی و دژایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی یاساکانی ئەو وڵاتە بە ناوی دژایەتی خودا(محاربە) سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.

لە چەند رۆژی رابردودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە، ئەو هونەرمەندە کوردەی خەڵکی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندانی ئێڤین لە تارانەوە بۆ زیندانی رەجایشار لە کەرەج گوازرابوەوە.

بە پێی ئامارەکان زیاتر لە 15 گەنجی دەستگیرکراوی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە و جگە لە یاسین پێنج گەنجی دیکەش گوازراونەتەوە بۆ ژوری تاکەکەسی زیندانەکان بە مەبەستی لەسێدراەدانیان.

سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆکی ئیتاڵیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکی توندا وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای کوژران ژینا ئەمینی زۆر دڕندانە هەڵسوکەوتی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان کردوە و ئەو دەساڵاتە سنورەکانی خۆی بەزاندوە.

ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی سوید لە پەیامێکی ڤیدیۆپدا داوایان لە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ کرد هەوڵ بۆ روخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بدەن و بە شێویەکی رێکخراو بۆ ئەو ئامانجە هەنگاو بنێن.

لە بەلجیکا، ستۆکهۆڵم و واشنتۆن خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچو.

ئەمریکا رایگەیاند لە شەوی یەڵدا، جێی گیانبەختکردوانی ناڕەزایەتییەکان لە لای کەسوکارەکانیان خاڵییە و ئازیزانیان خەمبارن.

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا هاوخەمیی وڵاتەکەی بۆ خەڵکی ئێران و کەسوکاری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی دەربڕی و رایگەیاند؛ واشنتۆن پێداگریی دەکات لە پشتیوانیی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران چونکە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بە مەبەستی کوشتنی خەڵک ئەو ناڕەزایەتییانە سەرکوت دەکات.

ئەو وتیشی؛ شەوی یەڵدا بۆ دانیشتوانی ئێران کاتی ئاهەنگ و خۆشییە بەڵام بەهۆی شوێنی چۆلی گیانبەختکراوانی ناڕەزایەتییەکانی لە ناو خێزانەکانیان، ئازیزان و کەسوکار و کۆمەڵگەی وڵاتەکە بە گشتی خەمبارن.

لە بەیاننامەکەی ئەمریکادا هاتوە شەوی یەڵدا سەرکەوتنی روناکییە بەسەر تاریکیدا و ئاماژە بەوەکراوە دەسەڵاتی ئێران هەمو هەنگاوێکی قێزەونی وەک دەستدرێژیی سێکسی و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان ئەنجام داوە و مامەڵەی کۆماری ئیسلامی هەمو سنورێکی بۆ بێدەنگ کردنی نەیاران و ناڕازییەکانی دەسەڵاتەکەی بەکار هێناوە.

بڕیاردرا هەمو رۆژانی چوارشەممەیەک پزیشکان و پەرستارانی سەرتاسەری ئەڵمانیا بە مەبەستی هاوخەمی و پشتیونیی لە هاوکار و هاوپیشەکانیان بە بەستنی قوماشی رەش لە دەست و قۆڵینا لە شوێنی کارەکانیان ئامادەبن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار