تەندروستی سلێمانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای بەراز رونكردنەوە دەدات

3 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

ئەمڕۆ هەواڵی ئەوە بڵاوبوەوە کە لەنەخۆشخانەیەکی سلێمانی لەدوێنێوە چوارکەس گیانیان لەدەستداوە و دوانیان گومانی ئەوەیان لێکراوە ئەنفلۆنزای بەرازیان تووش بوبێت، بەڵام تەندروستی سلێمانی ڕەتیدەکاتەوە.

سامان لەتیف وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: هەواڵی بڵاوبوونەوە و مردنی دوو کەس بە ئەنفلۆنزای بەراز لەسلێمانی ناڕاستە و هیچ گومانێکیش لەوبارەیەوە نەکراوە.

وتیشی: ئەگەر هەر حاڵەتێکی ئەنفلۆنزای بەراز یان هەر نەخۆشی و پەتایەکی دیکە هەبێت تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت.

هاوکات سەرچاوەیەک لەو نەخۆشخانەیەی گوایە گومان لەمردنی دوو کەس هەبووە ڕەتیکردەوە هیچ حاڵەتێک لەنەخۆشخانەکە هەبووبێت بە ئەنفلۆنزای بەراز گیانیان لەدەستدابێت.

لەساڵی 2019 چوار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی H1N1 ناسراو بە پەتای ئەنفلۆنزای بەراز لە شاری سلێمانی تۆمار کرا، ئەوکات د.ئومێد عەلی بەڕێوەبەی نەخۆشخانەی شار ئاشکرایکرد کە سێ حالەتیان چارەسەرییان بۆ کراوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

پەتای ئەنفلۆنزا بە چەند شێوەیەک خۆی دەردەخات لەوانەش (ئەنفلۆنزای باڵندە، ئەنفلۆنزای بەراز، ئەنفلۆنزای وەرزی) . ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی ئەنفلۆنزای وەرزییەوە بڵاویکردۆتەوە کە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا سێ جۆری جیاوازی هەیە کە بریتین لە (ئەی و بی و سی) بەڵام تەنها جۆری (ئەی و بی) تووشی مرۆڤ دەبن و لەڕێگەی کۆکە و پژمینەوە دەگوازرێنەوە.

نیشانەكانی تووشبوون بە پەتای ئەنفلۆنزای وەرزی چییە؟ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بۆ زیاتر لە ٣٨ پلەی سەدی، هاتنی ئاو لە لووت، كۆكە و سەرئێشە و ئازاری ماسوولكە و جومگەكان، دڵ تێكهه‌ڵاتن و هه‌ندێكجار ڕشانه‌وه‌. خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە چۆنە؟ خۆپاراستن له‌ شوێنی قه‌ره‌باڵغی و داخراو، به‌كارهێنانی ده‌سته‌سڕی كاغه‌ز له‌كاتی كۆكه ‌و پژمه‌دا ڕاسته‌وخۆ فڕێدانی بۆ سه‌به‌ته‌ی خۆڵی داخراو، ‌به‌رده‌وام ده‌ست شتن به‌ تایبه‌ت دوای پژمه‌و پێش نان خواردن و دوای ده‌رچوون له‌ توالێت.

هەروەها دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كه‌سانی تووشبوو، دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ته‌وقه‌ كردن و باوه‌ش پیاكردن و ماچ كردن له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌یدا. ڕووبەڕووبونەوەی نەخۆشییەکە ئەنجامدانی وه‌رزش، خواردنی خۆراكی ته‌ندروست و میوه‌ و سه‌وزه‌ بۆ وه‌رگرتنی ڤیتامین و كانزاكان، ئه‌وانه‌ی زیاتر پێویستیان به‌ كوتان هه‌یه‌ وەک منداڵانی ته‌مه‌ن خوار پێنج ساڵ، دایكانی دووگیان، ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌، به‌ساڵاچووان سه‌روو ٦٥ ساڵ، ئه‌وانه‌ی له‌داموده‌زگا ته‌ندروستیه‌كاندا كار ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ی تووشی كه‌می به‌رگری له‌ش بوون.

له‌كاتی تووشبووندا چی بکرێت؟ پشوودان، خواردنه‌وه‌ی بڕێكی باش شله‌مه‌نی گه‌رم و سه‌وزه ‌و میوه‌، داپۆشینی ده‌م و لووت به‌ كه‌مامه‌ بۆ تووشنەبوونی كه‌سانی دیکە، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی تووشی ئه‌نفلۆنزا ده‌بن هه‌ست به‌ چاكبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا، مانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ و نه‌ڕۆیشتن بۆ قوتابخانه، زانكۆو شوێنی كار، هیچ جۆره‌ ده‌رمانێكی دژه‌ هه‌وكردن به‌كار مه‌هێنه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار