'گەورەترین کێشەی تورکیا پرسی کوردە'
3 ساڵ لەمەوپێش
سەزایی تەمەللی پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، گەورەترین هەنگاو بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا، هەڵگرتنی گۆشەگیریە و گەورەترین کێشەی تورکیا پرسی کوردە.
سەزایی تەمەللی پەرلەمانتاری هەدەپەی پارێزگای وانی باکوری کوردستان و هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، ئاماژەی بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە کە ٢٢ مانگە خانەوادە و پارێزەرانی نەیانتوانیوە چاوپیان پێبکەوێت و کێشە و قەیرانەکانی تورکیا کرد.
تەمەللی رایگەیاند، گەورەترین کێشە لە تورکیا پرسی دادپەروەری، یاسای، شەڕ و لە سەرووی هەمووشیانەوە، پرسی کوردە. کاتێک ئەم هەموو کێشەیە لەبەرچاو دەگرین، دەبینین کە تورکیا لەنێو قەیرانێکی گەورە و قوڵدایە و دەسەڵاتیش ناتوانێت، تورکیا لەم قەیرانە رزگار بکات.
پەرلەمانتارەکەی هەدەپە دەشڵێت، رێگەیەک هەیە کە دەتوانێت کۆتایی بە قەیرانەکان بهێنێت کە ئەویش هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەرت پەکەکەیە و وتی، " بۆیە ئێمە سوورین لەسەر هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان، پێویستە بە زووترین کات بتوانێت لەگەڵ پارێزەرەکانی کۆبێتەوە. ئێمە لە رووی چالاکی و یاساییەوە هەوڵ بۆ ئەم کارە دەدەین."
سەزایی تەمەللی باسی گەمارۆدانی هاوسەرۆک و پەرلەمانتارەکانی هەدەپەشی لەلایەن پۆلیسەوە کرد و ئەوەی خستەڕوو، " لە بەردەم وەزارەتی داد دەستمان بە خۆپیشاندان و گردبوونەوە کردووە. هەموو رۆژێک لەبەردەم باڵەخانەی وەزارەتی داد کۆدەبینەوە. لەدژی گۆشەگیری هەموو رۆژێک بەردەوامی بە ئیشکگری دادپەروەری دەدەین. لە ئێستادا دەسەڵات زۆر دەترسێت. لەدژی بچوکترین مافی دیموکراسی دەوەستێتەوە. هێزەکانی دەسەڵات وەک هێزێکی پارامیلیتەر گۆشەگیری لە هەموو شوێنێکی تورکیا بڵاودەکەنەوە."
چەند رژێکە لە شارەکانی باکوری کوردستان و تورکیا، بە پێشەنگایەتی هەدەپە، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەری بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە ئەنجام دەدرێن، بەڵام هێزەکانی سەر بە دەسەڵات، رۆژ نییە چەندین ئەندام و لایەنگری هەدەپە دەستگیر نەکەن.
