هەڵەبجە دوای هەنار ئامادەکاریی دەکات بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی دیکەی کشتوکاڵی

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە هەرێمی کوردستانی عێراق چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی هەن کە لە وەرزی پێگەیشتنیاندا بەهۆی هێنانە ناوەوەی بەرهەمی دەرەکییەوە، ئاسەتەنگی لە ساغ کردنەوەیاندا بۆ دروست دەبێت، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە هەوڵی دۆزینەوەی بازاڕی نێودەوڵەتی دەدرێت بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و سەرەتا وەک هەنگاوی یەکەمیش لە هەناردەکردنی هەنارەوە دەستی پێ کردووە.

هەنار یەکێکە لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە هەریەک لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و دهۆک بەڕێژەیەکی بەرچاو دەست دەخرێت و بەهۆی لەباری ژینگەی ئەو دوو پارێزگایەوە، زۆرترین و باشترین هەناری هەرێمی کوردستان لەو دوو پارێزگایە بەرهەم دێت.

سەرەتا بیرۆکەی ناردنە دەرەوەی بەرهەمی کشتوکاڵیی هەنار لە هەڵەبجەوە دەستی پێ کرد و لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ستار مەحمود لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، لەبارەی پرۆسە و بیرۆکەی هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجە بۆ دەرەوەی وڵات، گوتی: "سەرەتای پرۆسەی هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجە بۆ دەرەوەی وڵات دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ پێش ئێستا، ئەوکات کۆمپانیایەک بەرهەمی ژمارەیەک جووتیاری کڕی و هەناردەی بازاڕەکانی هەندێک لە وڵاتە ئەورووپییەکانی کردن. ئەمە وەک قۆناغی سەرەتا بوو، بەڵام هەر لەو کاتەشدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری و پشتیوانی ئەو پرۆسەیەیان کرد. ئەم خاڵە بووە سەرەتایەک بۆ ئەوەی لە ئایندەدا کار بکرێت پرۆسەکە بە شێوازێکی زانستییانە رێکخبرێت بۆ ئەوەی بەرهەمەکە بە کوالیتییەکی باش ئامادە بکرێت و شێوازی هەناردەکرنەکە گونجاوتر بێت. بۆ ئەو مەبەستەیش حکوومەت پلانێکی باشی بۆ دانا و سەرپەرشتی پرۆسەکەی کرد. خۆشبەختانە، پرۆسەکە زۆر بەڕێکوپێکی دەچێتە پێشەوە".

ستار مەحمود سەبارەت بە بڕی هەناردەی هەنار لە قۆناغی یەکەمیدا، گوتی: "ئەو بڕە هەنارەی لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت لە هەڵەبجە و دهۆکەوەیە. وەک قۆناغی یەکەم، بڕیار دراوە دوو هەزار تۆن هەنار هەناردە بکرێت، بەڵام لە ئایندەدا بڕەکە زیاتر دەبێت، هەروەها لە ئایندەدا هەناردە هەمەچەشن دەکرێت و زۆر بەرهەمی دیکەی کشتوکاڵی دەگرێتەوە، واتە لەسەر یەک جۆر بەرهەم راناوەستێت".

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە روونکردنەوەی زیاتری دا و رایگەیاند "ئەوەی لەسەر ئێمەیە وەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەوەیە ئەو بارانەی هەناردە دەکرێن بڕوانامەی پزیشکییان دەدەینێ، بەڵام زانیارییمان نییە لەسەر ئەوەی بە چەند خاڵی سنووریدا تێپەڕ دەبێت، ئاخۆ پشکنینیان بۆ دەکرێت یان نا".

ستار مەحمود لەبارەی هەناردەی هەمەچەشنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەناردەکردنی هەنار هەنگاوی سەرەتاییە و لە ئایندەدا ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی لە پێویستیی ناوخۆ زیاترن، هەناردەی دەرەوە بکرێن. کێشەی سەرەکی جووتیاران لە هەرێمی کوردستاندا ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیانە لەگەڵ نەبوونی بازاڕێکی گونجاو کە داهاتەکەی هاوتای ئەو رەنج و ماندووبوونانە نییە لە کاتی کشتوکاڵدا دەیکێشن، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە بەرهەمەکانیان زیاترە لە خواستی بازاڕ و نەیانتوانیوە لە بازاڕێکی گونجاودا بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە. هەربۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی بتوانێت لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بازاڕیان بۆ بدۆزێتەوە تاکو ئەو بەرهەمانەی جووتیارەکانی هەرێمی کوردستان هەیانە و لە پێویستیی ناوخۆ زیاترە هەناردە بکرێن، جا بەرهەمەکان خەیار بێت یان تەماتە و پەتاتە، یان هەموو ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی دیکە کە لە هەرێمی کوردستان بەردەستن".

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ستار مەحمود لەبارەی راهێنانی جووتیاران و خاوەن باخەکانی هەنار بۆ باشترکردنی کوالیتیی هەنارەکەیان و زیادکردنی بڕی هەنار لە باخەکانیاندا، ئاماژەی بەوە دا کە لە قۆناغی یەکەمدا جووتیارە نموونەییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێن و لە ئایندەدا پرۆسەکە فراوانتر دەبێت و سەرجەم جووتیاران لەخۆ دەگرێت بۆ ئەوەی راهێنانیان پێ بکرێت لەسەر شێوازی رێکخستن و بەڕێوەبردنی باخ، هەروەک ئاشکراشی کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو پرۆسەیە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە قۆناغی یەکەمدا ئامادەکاری تەواو کراوە، کە قۆناغی جووتیارە نموونەییەکانە. وانەی راهێنانەکان لەلایەن خەڵکانی پسپۆڕەوە دەبێت و بۆ ئەو مەبەستەیش پرۆگرامێکی باش ئامادە کراوە. راهێنانەکان سەبارەت بە بڕ و کوالیتی بەرهەم دەبن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار