هەدەپە و کەجەکە بە فەرمی داوایان کرد سەردانی ئۆجالان بکەن
3 ساڵ لەمەوپێش
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (کەجەدە) بە فەرمی سەردانی وەزارەتی دادی تورکیایان کرد و داوایان کرد سەردانی ئیمڕالی بکەن و چاویان بە عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە بکەوێت.
سەزایی تەمەللی، رەمزیە تۆسون، عەبدوڵلا کۆچ، دیلان دیرایەت تاشدەمیر و شەڤین جۆشکۆن پەرلەمانتەرانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و بەردان ئوزتورک هاوسەرۆکی گشتی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (کەجەدە)، بە مەبەستی بینیی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە داواکاریان پێشکەشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد.
هەدەپە و کەجەکە لە داواکاریەکەیاندا ئاماژەیان بەوەکرد کە دەیانەوێت ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣ دەرفەتان پێبدرێت، بۆ ئەوەی سەردانی دورگەی ئیمڕالی بکەن و چاویان بە ئۆجالان بکەوێت.
٣٠ی تشرینی دووەمیش ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) و نوران ئیمیر، گوڵستان کلچ کۆچئیغیت و ئەرداڵ ئایدەمیر پەرلەمانتەرانی هەدەپە داواکاریان بۆ بینینی ئۆجالان پێشکەشی وەزارەتی داد کردبوو، بەڵام وڵامیان نەدرایەوە.
پەرلەمانتەرانی هەدەپە دوو رۆژە دەستیان بە چالاکیەک لەبەردەم باڵەخانەی وەزارەتی دادی تورکیا کردووە و داوا دەکەن، گۆشەگیری سەر ئۆجالان کۆتایی پێبهێندرێت و رێگە بە پارێزەر و خانەوادەکەی بدرێت سەردانی بکەن کە ٢٢ مانگە هەموو پەیوەندیەکان لەگەڵ ئۆجالان قەدەغەکراون.
ئەمڕۆ سەزایی تەمەللی پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری وان و هاوسەرۆکی پێشووی ئەو پارتە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فراتنیوز، رایگەیاند، گەورەترین کێشە لە تورکیا پرسی دادپەروەری، یاسایی، شەڕە و لە سەرووی هەمووشیانەوە، پرسی کوردە. کاتێک ئەم هەموو کێشەیە لەبەرچاو دەگرین، دەبینین کە تورکیا لەنێو قەیرانێکی گەورە و قوڵدایە.
پەرلەمانتارەکەی هەدەپە دەشڵێت، رێگەیەک هەیە کە دەتوانێت کۆتایی بە قەیرانەکان بهێنێت کە ئەویش هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکەیە و وتی، " بۆیە ئێمە سوورین لەسەر هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان، پێویستە بە زووترین کات بتوانێت لەگەڵ پارێزەرانی کۆبێتەوە. ئێمە لە رووی چالاکی و یاساییەوە هەوڵ بۆ ئەم کارە دەدەین."
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی زیندانیکراوی هەدەپەش ٣٠ی تشرینی دووەم، داوای لە وەزارەتی دادی تورکیا کردبوو کە رێگەی پێ بدرێت، بە مەبەستی دروستکردنی زەمینەیەکی ئاشتی و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، سەردانی ئۆجالان بکات و بتوانێت لە پرۆسەی ئاشتیدا ڕۆڵ بگێڕێت. داواکاری دەمیرتاشیش بێولام ماوەتەوە.
لە مانگی ئەیلولی رابردوودا، شاندێکی رێکخراوی رێگریکردنی ئەشکەنجەی سەر بە یەکێتی ئەوروپا (سی پی تی)، سەردانی ئیمڕالی کردبوو و رایگەیاندبوو، شاندەکەیان چاوی بە عەبدوڵلا ئۆجالان کەوتووە. بەڵام مانگی رابردوو، نوسینگەی یاسایی سەدە کە ئەرکی پارێزەری ئۆجالانیان لە ئەستۆدایە، روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە شاندەکەی (سی پی تی) ئۆجالانی نەبینیوە، لەبەرئەوەی ئۆجالان کۆبونەوەی لەگەڵ شانی (سی پی تی) رەت کردووتەوە.
ئەو پێشهاتەش نیگەرانی پەکەکە و چەندین پارت و رێکخستنەکانی باکوری کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستانی لێکەوتووەتەوە و لایەنگرانی پەکەکە لە ئەوروپا بە بەردەوامی لەبەردەم ناوەندە باڵاکانی یەکێتی ئەوروپا، خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و داوا دەکەن، رێگە بدرێت، خانەوادە و پارێزەران سەردانی ئۆجالان بکەن و چارەنووسی ئاشکرا بکرێت.
عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٨دا بەهۆی فشارەکانی تورکیا و دەزگا هەواڵگریەکانی چەند وڵاتێکی زلهێزی جیهان لە سوریا چووە دەرەوە و دوای گەڕێکی چەند مانگە کە هیچ وڵاتێکی جیهان ئامادە نەبوو، مافی پەنابەری سیاسی پێبدات و ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ لە نایروبی پایتەختی کینیا دەستگیرکرا و بۆ تورکیا گەڕێندرایەوە.
داواکاری تورکیا سەرەتا داوای سزای لەسێدارەدانی بۆ ئۆجالان دەکرد، بەڵام دوای دەستێوەردانەکانی ئەوروپا، سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا. ئۆجالان ٢٢ ساڵە لە زیندانی دورگەی ئیمڕالی لەنێو دەریای مەڕمەڕەدا راگیراوە.
ئۆجالان لە زینداندا چەندین کتێبی بە ناوی 'بەرگرینامەکان' نووسیوە و پێشکەشی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کردووە. بەرگرینامەکانی ئۆجالان رێگەی بۆ ئەوە کردەوە کە پەکەکەش لە رووی هێڵ و ئایدۆلۆژیاوە گۆڕانکاری بەسەردا بێت و شێوەی خەباتی خۆی بگۆڕێت.
