سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: بۆ ساڵی 2023 "شوێنمان بۆ هەزار و 306 دەرفەتی وەبەرهێنان کردووەتەوە "
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماری پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو کە لەماوەی ساڵی 2022 مۆڵەتیان پێدراوە وڕایگەیاند بۆ ساڵی 2023 "شوێنمان بۆ هەزار و 306 دەرفەتی وەبەرهێنان کردووەتەوە ".
محەمەد شوكری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، لەساڵی 2022دا 89 مۆڵەتی نوێ دراونەتە وەبەرهێنەران و دەستیان بەكار كردووە، 400 مۆڵەتیش تەواو بوون و ١٣ پرۆژەی وەبەرهێنان هەڵوەشێنراونەتەوە، 8 ناوچەی پیشەسازیش لە هەرێم زەوییان بۆ دیاری كراوە و ئاماژەی بەوەدا "بە بەراورد لەگەڵ سێ ساڵی رابردوو، ئەمساڵ باشترین ساڵ بووە بۆ پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان".
وتیشی، "سندووقی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان خراوەتەکار و لەمەودوا 5٪ی کۆی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون موڵکی دەستەی وەبەرهێنانە و داهاتەکەی دەخرێتە ناو ئەم سندووقەوە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەروو 130 هەزار دەستی كار بەشێوەی راستەوخۆ لە پرۆژەكان كاردەكەن و بە هەزارانی تریش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ كار دەكەن، هەوڵیش دراوە زیاتر لە 75 لەسەدی دەستی كار لەناوخۆبن.
لەبارەی پلانەکانیان بۆ ساڵی 2023، د. محەممەد شوکری گوتی: "شوێنمان بۆ هەزار و 306 دەرفەتی وەبەرهێنان کردووەتەوە و هاوکات 330 دەرفەتی وەبەرهێنانی سەوز کە پڕۆژەی ژینگەدۆستن لە پلانی ساڵی داهاتووماندا گونجێنراون".
سەبارەت بە یاسای وەبەرهێنانیش، د. محەممەد شوکری دووپاتیکردەوە: "کارمان لەسەر نوێکردنەوەی یاسا و رێنماییەکانی وەبەرهێنان کردووە و ئێستا چەند بۆردێک لە دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەکانی پێکهێنراون بۆ ئەوەی پێداچوونە بە یاسا و رێنماییەکان بکات و ساڵی 2023 هەوڵدەدەین رەشنووسی یاسای وەبەرهێنان بە جۆرێک ئامادەبکەین کە لەگەڵ ستانداردی جیهانی بگونجێت".
