٩٧ رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە

رێکخراوێکی نێودەوڵەتی: گەورەترین سەرکوتی ئەمساڵی جیهان لە ئێران رویداوە

3 ساڵ لەمەوپێش



لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە چلەی مەرگی ژمارەیەک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان دروشم دژی دەسەڵات وترایەوە و بەشداربونای ئەو رێوڕەسمانە هۆشدارییان دایە دەسەڵات لەسەر لەسێدراەدانی دەستگیرکراون و ناڕەزایەتییەکانیش چوە 97ەمین رۆژی خۆیەوە.

لە رۆژێکدا یادی چلە مەرگی حەوت کوژراوی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات کرایەوە و لە قەزوێن و تاران چلەی دو کوژراوی ناڕەزایەتییەکانی ئەو دو شارەی ئێران بەڕێوەچو.

لە شارەکانی سنە و دیواندرە و کامیاران  لە رۆژهەڵاتی کوردستان چلەی مەرگی حەوت کوژراوی ناڕەزایەتییەکانی ئەو بەشە لە کوردستان بەڕێوەچو.

لە شاری سنە بە رێوڕەسمی جەماوەری یادی چلەی مەرگی زانیار ئەڵڵامورادی و عیسا بیگلەریی و حەمید گوڵی کرایەوە و سەرەڕای کەشوهەوای سارد بەڵام جەماوەری زۆری خەڵکی شارەکە لەسەر گلکۆی ئەو سێ کوژراوەی ناڕەزایەتییەکان ئامادەبون.

لە شاری کامیاران رێوڕەسمی چلەی فواد محەمەدی یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر بەڕێوەچو.

لە شاری دیواندرە هاوشێوەی سنە و کامیاران یادی چلەی مەرگی فواد سەواری و حەبیبوڵڵا فەتحی بەڕێوچو.

ئەمڕۆ موژگان کاوسی، نوسەر و چالاکی سیاسیی کورد لە لایەن دادگایەکی ئێران تۆمەتی دژایەتی خودا و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خراوەتە پاڵی و بە پێی یاساکانی ئێرانیش سزای سێدارە ئەو خانمە کوردە دەگرێتەوە، کاوسی پێشتریش بە تۆمەتی دژایەتیی دەسەڵاتی ئێران سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و چەند ساڵێک لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا زیندانیی کراوە.

سەندیکای ئەکتەری سینەما و رادیۆ  و تەلەفیزۆنەکانی ئەمریکا (SAG-AFTRA) رۆژی پێنجشەممە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای ئازکردنی تەرانە عەلی دوستی، ئەکتەری ناودرای ئێرانی کرد کە بە تۆمەتی هاندانی خۆپیشاندەران لە لایەن دەسەڵاتی وڵاتەکەوە زیندانیی کراوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتوە SAG-AFTRA رێز و پێزانینیان بۆ بوێریی کەتایون ریاحی و هەنگامە قازیانی و تەرانە عەلی دوستی و سەرجەم ئەوانە هەیە کە ئازایانە بۆ داواکردنی مافەکانیان ژیانیان خستوەتە مەترسییەوە ئەوان سەلماندویانە تەنانەت لەو پەڕی سەرکوتی بێبەزەییانەدا دەکرێت مرۆڤ بون بدرەوشێتەوە.

پەرلەمانی هۆڵەندا پڕۆژە یاسایەکی پەسند کرد بۆ ئەوەی حکومەتی وڵاتەکە کار بکات بە مەبەستی ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا ئەوەش بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران و هاوکات ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لایەن ئەو سوپایەوە بۆ روسیا بە ئامانجی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا.

رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رۆژی پێنجشەممە بڵاوی کردەوە سەرکوت و کوژرانی دەیان بەلوچ لە ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان گەورەترین سەرکوتی ئەمساڵ بوە لە جیهاندا کە نزیکەی 100 کەس لە رۆژیکدا کوژراون.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ئامارێکی بڵاو کردەوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردوە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی سێ مانگی رابردودا لانیکەم 46 پارێزەر و 39 رۆژنامەوان و 38 چالاکی سیاسی و 27 مامۆستا و 25 چالاکی مەدەنی و 15 چالاکوانی کرێکاریی و 13 ژینگەپارێز و نۆ هونەرمەندی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ دەستگیرکراون.

وەزارەتی هەواڵگریی ئێران کە بە ئیتلاعات ناودەهێنرێت لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند چوار گروپی سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)ی دەستگیر کراون کە بە ئامانجی هێرشی سەربازیی رویان لە ناو خاکی وڵاتەکە کردوە.

بەیاننامەکەی ئیتلاعات لە کاتێکدایە پێشتریش دەیان چالاکوانی سیاسیی کورد لە لایەن ئەو دەزگایەوە دەستگیرکراون و تۆمەتی کارکردن بۆ مۆسادیان خراوەتە پاڵ و ناچار بە دانپێدانانی بەردەم کامێرا کراون.

بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان نرخی تەمەن دادەبەزێنێت و ئێوارەی پێنجشممە بەهای دۆلار لە ئێران ژمارەیەکی دیکەی پێوانەیی تۆمار کرد و هەر دۆلارێک بە 40 هەزار و 30 تمەن مامەڵەی پێوەکرا لە کاتێکدا میدیاکانی حکومەت بلاویان کردبوەوە نرخی هەر دۆلارێک لە 39 هەزار تمەنەوە بۆ 36 هەزار تمەن دادەبەزێت.

لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و کوژرانی دەیان خۆپیشاندەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاترین سزا روبەڕوی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بوەتەوە و ئەمریکا بە راشکاوی رایگەیاندوە رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەو وڵاتە چالاک ناکاتەوە بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژیی دژی ناڕەزایەتییەکان و سەرکوت و سێدارەی گەنجان .

کۆمپانیای (یوتێلسات) بۆ پەخشی تەلەفیزیۆنیی مانگی دەستکرد ئاشکرای کرد لە چوارچێوەی سزا نێودەوڵەتییەکان و یەکێتی ئەوروپا بۆ دەسەڵاتی ئێران، پەخشی سەرجەم کەناڵە فەرمییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە مانگە دەستکردەکەی راگرتوە.

ئەو بڕیارەش لە کاتێکدایە بە پێی راپرسییەکان 95%ی دانیشتوانی ئێران و خەڵکی ئەو وڵاتە لە ئەوروپا ئەو مانگە دەستکردە بەکار دەهێنن و دەسەڵاتی ئێرانیش چەندین کەناڵی لە رێگەی ئەو کۆمپانیایەوە پەخش دەکرد.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار