دوو تۆمەتباری تەقەکردنەکەی شەوی ڕابردووى سەر خاڵێکى پۆلیسى ئامادەى پارێزگای کەرکوک دەستگیرکران
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى کەرکوک بڵاویکردەوە، توانیان دوو تۆمەتباری تەقەکردنەکەی شەوی ڕابردووى سەر خاڵێکى پۆلیسى ئامادەى پارێزگای کەرکوک دەستگیر بکەن و لە ئێستاشدا هەوڵەکان بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنى تاوانبارى سێیەم.
ئەمڕۆ هەینی پۆلیسی کەرکوک ڕایگەیاند ، "دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو چەند چەکدارێک لە گەڕەکی دۆمیز تەقەیان لە خاڵێکی پۆلیسی ئامادەی کەرکوک کرد و بەهۆیەوە ئەفسەرێک و پۆلیسێک برینداربوون، ڕاستەوخۆ لێکۆڵینەوەمان دەستپێکرد و پاش بەدواداچونێکى ورد و توانرا دوو لەو تۆمەتبارانە دەستگیر بکرێن".
وتیشی، "بەهەوڵی فەرماندەیی بارەگای پێشکەوتووی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک و بەهاوکاری ئاسایشی نیشتیمانی و پۆلیسی کەرکوک و هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەو دوو تۆمەتبارە دەستگیرکراون".
شەوی رابردوو لە کەرکووک هێرشکرایە سەر بازگەی کۆبانی و لەو هێرشەدا ئەفسەرێک و دوو پۆلیس برینداربوون.
