ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی 1.7 ترلیۆن دۆلاری پەسنددەکات و پشکی پێشمەرگە و هەسەدەی تێدایە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەک بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی فیدراڵی پەسند دەکات، کە رێگە بە ئیدارەی بایدن دەدات 1.7 ترلیۆن دۆلار بۆ ئاژانسە فیدراڵییەکان خەرجبکات. پشکی پێشمەرگە و هێزەکانی کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستانیشی تێدا دیاریکراوە.
رۆژی پێنجشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2022، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسەیەکدا بۆ ئەوەی کورتهێنان لە بودجەی فیدراڵیدا پڕبکاتەوە و بڕەکەی ترلیۆنێک و 700 ملیار دۆلاری ئەمریکییە.
پڕۆژەیاسا 4,155 لاپەڕەییەکە، بە 68 دەنگی "بەڵێ" لە ئەنجوومەنی پیران پەسندکرا کە لە دوو بەش پێکدێت؛ 772.5 ملیار دۆلار بۆ خەرجیی پڕۆگرامە نێوخۆییەکانی حکومەتی فیدراڵی و 858 ملیار دۆلاریش بۆ بودجەی بەرگری تەرخانکراوە.
پڕۆژەیاساکە بۆ ئەوەی ببێتە یاسا و کاری پێبکرێت، دەبێت ببرێتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و لەوێش دەنگی لەسەر بدرێت پێش ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر بکات.
پڕۆژەیاساکە وەکو هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە پەککەوتنی دامەزراوە فیدراڵییەکان یان "شەتداون" خراوەتەڕوو و تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2023 خەرجییە فیدراڵییەکان پڕدەکاتەوە.
پشکی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەیەکەوە بە 475 ملیۆن دۆلار دیاریکراوە کە لە هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا خەرج دەکرێن. جگە لەوەش، بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، هاوکاری راهێنان، کەلوپەل و پاڵپشتی لۆجستی بەو هێزانە دەدرێت.
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی 2022، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ـی بەرگریی ئەمریکا لەلایەن دیموکرات و کۆمارییەکانەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پەسندکرا. بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە دەنگی لەسەر نەدراوە، بۆیە ناتوانرێت کاری پێبکرێت و خەرجبکرێت.
بەگوێرەی پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگری، زیاتر لە 487 ملیۆن دۆلار بۆ چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا تەرخانکراوە کە بڕی 322 ملیۆن و 204 هەزار دۆلار لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەخۆدەگرێت. هاوکات، بڕی 165 ملیۆن و 309 هەزار دۆلاریش بۆ هێزەکانی هەسەدە و هاوبەشەکانی دیکەی ئەمریکا لە سووریا تەرخانکراوە.
لە پرۆژەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێناندا کە رۆژی پێنجشەممە لە ئەنجوومەنی پیراندا پەسندکرا، نزیکەی 50 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریی مرۆیی، سەربازی و ئابووریی ئۆکراینا و هاوپەیمانانی ناتۆ تەرخانکراوە. بەوەش کۆی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا دەگاتە 100 ملیار دۆلار. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتارێکی لە کۆنگرێسی ئەمریکا پێشکێشکرد و باسی لە گرنگیی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتەکەی کرد لە شەڕی دژی رووسیا.
