پاریس...ڕۆژێکی خوێناوی بۆ کوردان
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ هەینی، 23-12-2022، هاووڵاتییەکی تەمەن 69 ساڵ لە ناوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تەقەی لە ناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک کرد و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و سێ کەسی دیکەیش برینداربوون. هەرسێ کوژراوەکە کوردن و خەڵکی باکووری کوردستانن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە bbc بڵاویکردۆتەوە ئەو تاوانبارەی دەستگیرکراوە پێشینەی تاوانی هەیەو بە تۆمەتی تونتوتیژی ڕەگەزپەرستی دەستگیر کراوە و لە ئێستادا پۆلیس لە لێکۆڵینەوەکانیاندا لە پاڵنەری ڕەگەزپەرستی دەکۆڵنەوە.
کۆنسەی دیموکراتیکی کورد لە فەرەنسا (CDF-K) کە ئەو ناوەندە بەڕێوە ئەدا کە هێرشەکەی تیا ڕویدا، لە لێدوانێکی کورتدا هێرشەکەی شەرمەزار کرد هەروەها وتیشی شەوی هەینی کۆبونەوەیەک دەکەین بۆ ڕێزگرتن لەوقوربانییانەی ئەمڕۆ گیانیان لەدەستدا.
لە ئێستادا دیار نییە وهیچ هاندەرێکی پشتڕاستکراو نییە بۆ تەقەکردنەکە، بەڵام داواکاری گشتی پاریس وتی کە گومانلێکراوەکە پێشتر بە توندوتیژی نەژادپەرستانە تۆمەتبار کراوەو لە لێکۆڵینەوەکانیاندا ئەوە بەرچاو دەگرن.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی بی بی سی ئەو تاوانبارە لە 8ی کانوونی یەکەمی 2021 هێرشی کردووەتە سەر کامپێکی پەنابەران لە پاریس بە شمشیرەوە بەڵام دیار نییە بۆچی بەو زوییە ئازاد کراوە.
هەروەها ڕۆژنامەی لۆمۆند لە زاری ئاگیت پۆڵات، وتەبێژی سەنتەرەکەوە دەڵێت دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا "جارێکی تر" لەپاراستنی گەلی کورد لەپاریسی شکستیان هێنا
دوای ڕوداوەکە ژمارەیەک هاوڵاتی کورد کوردانی شاری پاریس لە دوای هێرشەکە خۆپێشاندانیان کرد و گرژی لەگەڵ پۆلیس دروستبوو. بەشێک لە کوردانی فەرەنسا، پەنجەی تۆمەتیان بۆ تورکیا درێژکرد و دروشمی "دەوڵەتی تورکیای بکوژ"یان گوتەوە. پۆلیسیش بۆ بڵاوەپێکردنیان گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا.
سەبارەت بەم ڕوداوەش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی هێرشەکەی پاریس و کوژرانی سێ کورد، سەرەخۆشی لە کوردانی فەرەنسا کرد و رایگەیاند، "کوردەکانی فەرەنسا لە نێوەندی شاری پاریس بوونە ئامانجی هێرشێکی دڕندانە و دڵمان لای قوربانییان، برینداران و خێزان و کەسوکارەکانیانە."
گێرالد دارمانین وەزیری ناوخۆ لەسەر ڕوداوەکە بە ڕۆژنامەنوسانی گوت "هێرشبەرەکە بە ڕوونی بیانیەکان دەکاتە ئامانج، بەڵام پۆلیس لەم قۆناغەدا بەڵگەی نییە کە ئەو بە تایبەتی ئامانجی ئازاردانی کورد بووە".
دارماین وتیشی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەهەڵسەنگاندنی ئەو هەڕەشانەی کە لە کۆمەڵگەی کوردی لە پاریس دەکرێت ئەنجام دەدەین
جێگەی ئاماژەیە هێرشەکە نزیکەی 10 ساڵ لەدوای کوژرانی سێ ژنە چالاکوانی کورد لە پاریس دێت.
