کوردانی فەڕەنسا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا: توندوتیژی لێکەوتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هەزاران هاوڵاتی کورد و دۆستە فەڕەنسیەکانیان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا لە گۆڕەپانی کۆماری گردبوونەوە بۆ ئیدانەکردنی هێرشی چەکداری دوێنێ بۆ سەر ناوەندی رۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا. بەهۆی دەستوەردانی پۆلیس، لەنێوان بەشێک لە خۆپیشاندەران و پۆلیسدا ئاڵۆزی دروست بوو.
دوای بانگەوازی ئەنجومەنی دیموکراتی کورد لە فەڕەنسا، هەزاران هاوڵاتی کورد و دۆستە فەڕەنسیەکانیان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا لە گۆڕەپانی کۆماری گردبوونەوە بۆ ئیدانەکردنی هێرشی چەکداری دوێنێ بۆ سەر ناوەندی رۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا. بەهۆی دەستوەردانی پۆلیس، لەنێوان بەشێک لە خۆپیشاندەران و پۆلیسدا ئاڵۆزی دروست بوو.
چالاکوانانی کورد وێنەی ساکینە جانسز، لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغانیان بەرز کردەوە کە لە ١٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٣دا لە پاریس لەلایەن میتی تورکیاوە کوژرابوو و داوایان کرد کە راستیەکانی پشت هێرشەکەی دوێنێی سەر ناوەندی رۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا ئاشکرا بکرێن.
چالاکوانە کوردەکان، ژمارەیەک رێگەی سەرەکی پاریسیان داخست و ئاگریان کردەوە، هەروەها لە خۆپیشاندانەکەدا زیان بەر هەندێک ئۆتۆمبێڵ و دوکان کەوت.
بێریڤان فورات ئەنجومەنی دیموکراتی کوردی فەڕەنسا بۆ کەناڵی (بی ئێف ئێم تی ڤی) قسەی کرد و رایگەیاند، ژیانی هاووڵاتیانی کورد لە فەڕەنسا لە مەترسیدایە، پێویستە حکومەتی فەڕەنسا کوردەکان بپارێزێت.
دوێنێ کەسێکی چەکدار هێرشی کردە سەر ناوەندی رۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا. لە هێرشەکەدا ٣ کورد کوژران و سێیانی دیکەش بریندار بوون. هەرچەندە حکومەتی فەڕەنسا رایگەیاندووە کە هێرشبەرەکە راسترەوێکی فەڕەنسیە، بەڵام کوردانی فەڕەنسا رایدەگەیەنن کە دەستی میتی تورکیای لە پشتەوە و پێویستە حکومەت راستیەکان ئاشکرا بکات.
