وەزیری دادی فەڕەنسا: هێرشی پاریس بۆ سەر هاوڵاتیانی کورد تیرۆریستیە
3 ساڵ لەمەوپێش
وەزیری دادی فەڕەنسا دوای کۆمەڵکوژیەکەی پاریس لەگەڵ نوێنەری کوردانی فەڕەنسا کۆبووە و رایگەیاند، فەڕەنسا غەمگینە و ئەو هێرشەی لە مەرامبەر هاوڵاتیانی کورد ئەنجامدراوە، هێرشێکی تیرۆریستیە.
ئێریک دوپۆند مۆریتتی وەزیری دادی فەڕەنسا لەگەڵ شاندێکی ئەنجومەنی کوردی دیموکراتی فەڕەنسا لەبارەی هێرشەکەی دوێنێ بۆ سەر کۆمەڵەی رۆشنبیری و کەلتوری کوری ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆبووە.
ئاژانسی فوراتنیوز رایگەیاند، وەزیری دادی فەڕەنسا لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاندووە، بەم کۆبونەوەیە پشتگیری خۆیان بۆ هەموو کوردێک دەردەبڕن و وتی، " ئێمە بیر لە خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان دەکەینەوە. فەڕەنسا زۆر غەمگینە. پشتگیریەکی بەهێزی کورد دەکەین."
عەگید پۆڵات وتەبێژی ئەنجومەنی کوردی دیموکراتی فەڕەنساش لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاند، دوورخستنەوەی هێرشەکە لە پرسی تیرۆر و رازیکردنی کورد کە گوایە هێرشەکە لەلایەن کەسێکی راستڕەوەوە ئەنجامدراوە، لەلایەن کوردەوە قبوڵ ناکرێت و پێویستە راستیەکانی پشت رووداوە ئاشکرا بکرێن."
دوێنێ ٢٣ی کانونی یەکەم، کەسێکی بەڕەگەز فەڕەنسی ٦٩ ساڵ، بە چەکەوە هێرشی کردە سەر کۆمەڵەی رۆشنبیری و کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و لە هێرشەکەدا، سێ کەسی کورد بەناوەکانی ئەمینە کارا، میر پەروەر و عەبدولڕەحمان کزل شەهید بوون و سێ هاوڵاتی کوردی دیکەش بریندار بوون.
