ئەمساڵ لە رۆژئاوای کوردستان ١١٩ کەس بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە شەهید بوون
' ١٥ کەسیان منداڵ و ٥٨ کەسیان شەڕڤانن'
3 ساڵ لەمەوپێش
لە ساڵی ٢٠٢٢دا کە دەوڵەتی تورکیا بە بەردەوامی هێرشی کردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان، ١١٩ هاوڵاتی مەدەنی و شەڕڤان شەهید بوون.
ئاژانسی هاوار نیوز ئاماری زیانە گیانیەکانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای ل ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لەم ساڵەدا بە گشتی ١١٩ کەس شەهید بوون کە ١٥ کەسیان منداڵ و ٥٨ کەسیان شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتین. هەروەها ٥٩ سەربازی حکومەتی دیمەشق کوژراون.
لە ئامارەکەدا هاتووە، بە گشتی لەم ساڵەدا ٢٩٢ کەس بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوون کە ٤٨ کەسیان منداڵ و ٢٣ کەسیان شەڕڤانن. لەلایەکی دیکەوە ٩١ سەربازی حکومەتی دیمەشقیش بریندار بوون.
لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٢٩ خوێندنگا، چوار بنکەی تەندروستی، ١٠ پەرستگا، بە دەیان وێستگەی نەوت، غاز، کارەبا و بورجی پەیوەندیەکانی تەلەفون و ئینتەرنێت، وێرانکراون. دوو جاریش چەکی قەدەغەکراو بەکارهێنراوە.
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بە درێژایی ئەم ساڵ بەردەوام بووە، بەڵام گەورەترین ئۆپراسیۆنی ئاسمانی بۆ سەر ئەو بەشەی کوردستان، ١٩ی تشرینی دووەم دەستی پێکرد کە ژێرخانی ئابوری رژئاوا کرایە ئامانج.
