گەریلا سوپای تورکیا لە هەرێم ناچار بە کشانەوە دەکات

هەپەگە: لەماوەی هەشت مانگدا دو هەزار و 700 سەربازی تورکیا کوژراون

3 ساڵ لەمەوپێش



سوپای تورکیا دوای هەشت مانگ لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکێشتەوە و هەپەگەش رایگەیاند؛ بە تەکنیکی تایبەتی شەڕی گەریلا سوپای تورکیای ناچار بە کشانەوە کردوە.

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای دەکات سوپای تورکیای لە زاپ و مەتینا و گوندەکانی دەوروبەری شێڵادزێ و ئامێدی لە دهۆک ناچار کردوە بە کشانەوە.

هەپەگە رونی کردوەتەوە؛ ئۆپەراسیۆنی (چنگ- قوفل)کە لەلایەن سوپای تورکیا لە 20 نیسانی ئەمساڵ هەرێمی کوردستان دەستی  پێکرد لە لایەن گەریلاکانەوە بە تەکنیکی تایبەت روبەڕوی شکست کراوەتەوە و گەریلا سوپای تورکیای ناچار کردوە دەست بە کشانەوە بکات لەو شوێنانەی کە زیاتر لە هەشت مانگە داگیری کردون.

ئاماژەی بەوەش کراوە کە بەهۆی سیاسەتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و خولوسی ئاکار وەزیریی بەرگریی وڵاتەکە لە ماوەی هەشت مانگ شەڕو پێکدادان لەگەڵ گەریلا زیاتر لە دو هەزار و 700 ئەفسەر و سەربازی سوپای تورکیا کوژراون.

لە لایەکی دیکەوە خولوسى ئاکار، وەزیرى بەرگرى تورکیا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ مۆسکۆ بۆ کردنەوەى تەواوەتى ئاسمانیی سوریا بە ئامانجی هێرشکردنەسەر ناوچەکانى باکور و رۆژهەڵاتى سوریا بەردەوامە.

ئاکار وتویەتی : سوپاى تورکیا لە باکورى سوریا و عێراق، 553  ئۆپەراسیۆنی لەدژى شەڕڤانانى هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و گەریلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) ئەنجامداوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار