دەستەی پارێزەرانی کوردستان بەیاننامەیەکیان دژ بە پێشێلکاریەکانی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەستەی پارێزەرانی کوردستان بەیاننامەیەکیان دژ بە پێشێلکاریەکانی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەستەی پارێزەرانی کوردستان وبەشێک لە چالاکوانی مەدەنی، بەیاننامەیەکیان لەسەر گۆشەگیری عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کڕیکارانی کوردستان و سێ زیندانی دیکەی ئیمراڵی بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند،ئەو پێشلکاریانە دژی بنەماکانی دیمکوراسیە، هەروەها ئاماژەیان بەوەدا کە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و لەنێویشیاندا ڕێکخراوی سی پی تی بێدەنگن لە لە ئاست پێشیلکاریەکانی سەر ئۆجەلان وزیندانیانی ئیمراڵی لە تورکیا.
لە بەشێکی بەیاننامەکەدا لەبارەی پێشلکاریەکانی سەر ئۆجەلان و دابڕانی لە دونیای دەرەوە، ئاماژەیان بەوەدا کە بەپێی یاسای تورکیا لە زیندانەکاندا دەبێت هەر دوو مانگ جارێک ( دەستەی چاودێری زیندانەکان) ڕوونکردنەوە بدەن و ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەشی ڕای گشتی بکەن، ئەمە بەتەواوی دوورە لە هەموو یاساکان وبنەماکان کە کەسایەتیەکی وەک ئۆجەلان لە دنیای دەرەوە داببڕێندرێت.
پارێزەران وچالاکوان باسیان لەوەکرد، کە ڕێکخراوە نێودەڵەتیەکان هەڵنەستاون بەکاری پێویست لەبەرامبەر ئەم پێشیلکریانە، هەروەها دەڵێن کە تاکە هەواڵێک لەدوای دواین پەیوەندی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە هەیانبێت کە لەساڵی ٢٠٢١ دا لەگەڵ براکەی ئەنجامی دا، سەردانەکەی تیمەکەی سی پی تی بوو لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢، سەرەڕای ئەوەی تیمەکە نەیانتوانیوە چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان بکەوێت.
پارێزەر نەریمان ئەحمەد، لە وەڵامی پرسیارێکی هاوڵاتیدا سەبارەت بە سەردانی تیمەکەی سی پی تی کە بۆچی نەیانتوانیوە چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت ولەبارەی ڕاگەیاندنی ڕیکخراوەکەوە کە گوایە عەبدوڵا ئۆجەلان ڕەتی کردۆتەوە چاوی بە تیمەکە بکەوێت، وتی ئەوەی زیاتر گومانەکانی سەر سەردانەکەی چرکردۆتەوە بێدەنگی ڕێکخراوەکەیە لەبارەی چۆنیەتی سەردانەکە و ئێمە تا ئێستا بەڕوونی نازانین ئایا چاویان پێکەوتووە یاخود ڕێگەیان پێنەدراوە، وتیشی چاوەڕوانین ڕێکخراوەکە لەماوەی ٦ مانگدا ڕوونکردنەوە لەبارەی سەردانەکەوە بدەن بۆ ڕای گشتی.
پارێزەران وچالاکوانان، ئەم پێشیلکاریانەی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان وزیندانیانی ئیمراڵیان بە پێشێلکاری وسەرکوتکاری بۆسەر هەموو نەتەوەی کورد ناوزەند کرد و ئاماژەیان بەوەکرد، ڕێکخراوەکان لەسەر دۆزی کورد وکێشەکانیی کورد بێدەنگن، هەروەها باسیان لەوەش کرد هەرچەندە عەبدوڵا ئۆجەلان وپارتی کرێکارانی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراون ئەمە بەهانە نیە بۆ بێدەنگی و بێهەڵەوێستی لایەنە پەیەوەندیدارەکان لەئاست پێشێلکاریەکان.
لەکۆتای دا دەستەی پارێزەران بە ڕۆژنامەنوسانیان وت، ئەوان لە هەماهەنگیدان لەگەڵ پارێزەرانی تایبەت بە کەیسی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ دروستکردنی فشار لەسەر لابردنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلان و زیندانیانی ئیمراڵی. عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕابەری پارتی کڕیکارانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٩٩ بە حوکمی زیندانی هەتاهەتایی لە زینداندایە، دوای ئەوەی بە پلانێکی نێودەوڵەتی ڕادەستی تورکیا کرایەوە، لەوکاتەوە چەندین جار لە دوونیای دەرەوە دابڕێندراوە بەڵام بەهۆی فشارە نێودوڵەتیەکان وفشاری پاڕێزەرەکانیەوە گۆشەگیری لەسەر لابراوە، بەڵام دووبارە حوکمەتی تورکیا گۆشەگیری خستۆتە سەر ئۆجەلان وزیندانیانی ئیمراڵی، دواین جار کە هەواڵیک هەبوو لەسەر ئۆجەلان پەیوەندیەکی چەند خولەکی بووە کە لەگەڵ براکەی ئەنجامی داوە.
