بەهۆی تۆپبارانی سوپای تورکیاوە منداڵێک لە رۆژئاوای کوردستان شەهید بوو
'دوو کەسیش بریندار بوون'
3 ساڵ لەمەوپێش
سوپای تورکیا گوندێکی ناوچەی شەرای عەفرینی تۆپباران کرد و بەوهۆیەوە منداڵێکی ١٦ ساڵ شەهید بوو.
میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند، سوپای تورکیا لە بارەگاکانی سەر سنورەوە، گوندی تنەبێی ناوچەی شەرای عەفرینیان تۆپباران کردووە. بەو هۆیەوە منداڵێک بە ناوی ئەسەد محامیدی ١٦ ساڵ شەهید بووە و منداڵ و نەوجەوانێکیش بە سەختی بریندار بوون.
دوێنێش درۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا، دوو گوندی شاروچکەی تربەسپیی رۆژئاوای کوردستانیان بۆردومان کرد و چوار منداڵ بریندار بوون.
لە ئەنجامی بۆردومانی درۆنەکانی دەوڵەتی تورکیادا لە گوندی مزگەفتی رۆژهەڵاتی تربەسپیدا، چوار منداڵ برینداربوون.
ئاژانسی هاوارنیوز، ئاماری ساڵێکی زیانە گیانیەکانی هێرشی دەوڵەتی تورکیای بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردبووە و رایگەیاندبوو، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١١٩ هاوڵاتی مەدەنی و شەڕڤان بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە شەهید بوون.
