مەزلۆم کۆبانێ: لە هێرشەکەی رەقادا شەش ئەندامی ئاسایش و شەڕڤان شەهید بوون
3 ساڵ لەمەوپێش
مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، لە هێرشەکەی رەقادا شەش ئەندامی ئاسایش و شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، تویتێکی لەبارەی زیانە گیانیەکانی هێرشەکەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوەندی ئاسایشی شاری رەقا بڵاوکردەوە.
مەزلۆم کۆبانێ دەڵێت، بە گشتی شەش کەس شەهید بوون کە سێیانیان ئەندامی ئاسایش و سێیانەکەی دیکەش شەڕڤانی هەسەدەن. پشتریش میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەیان بەوەکردبوو کە دوو تیرۆریستی داعش لەلایەن هێزەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە کوژراون کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ هێرشێکی چەکداری بۆسەر ناوەندی ئاسایشی شاری رەقای باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدرا. میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەیان بەوەکرد کە شانەیەکی شاراوەی داعش هێرشەکەی ئەنجامداوە و هێرشەکە لە نزیک گرتووخانەیەکی شارەکە کە تیرۆریستی داعشیان تێدایە ئەنجامدراوە.

