بکوژی کوردانی پاریس رەوانەی زیندانکرا

3 ساڵ لەمەوپێش



ویلیام م. بکوژی سێ کوردەکەی فەڕەنسا ئەمڕۆ دادگاییکرا و دادگا بڕیاریدا رەوانەی زیندان بکرێت.

ویلیام م. هێرشبەرەکەی ٢٣ی ئەم مانگە بۆ سەر ناوەندی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کە لە ئەنجامدا سێ کورد شەهیدکران و سێ کەسی دیکە بریندار بوون، لە دادگای پاریس دادگاییکرا و دادوەر بڕیاریدا بکوژەکە رەوانەی زیندان بکرێت و پرۆسەی دادگاییکردنەکەی بەردەوام بێت.

ئەمەش لە کاتێکدا کە تاوەکو ئێستا، دادگا تۆمەتی تیرۆری نەخستووەتە پاڵ بکوژەکە و تاوەکو ئێستاش وەک نەژادپەرستێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

ژان لوج مێلێنچۆن سەرۆکی پارتی چەپی فەڕەنسا توێتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە بکوژی سێ کوردەکە، بە یاسای تیرۆر دادگایی بکرێت.

رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە، ویلیان م. ٦٩ ساڵ کە بە رەگەز فەرەنسیە، بە چەک هێرشی کردە سەر ناوەندی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریس و بەوهۆیەوە ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، هونەرمەند میر پەروەر و کوردێکی چالاکوان بەناوی عەبدولرەحمان کزل شەهید بوون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

دوابەدوای هێرشەکە، کوردانی پاریس خۆپیشاندانی گەورەیان ئەنجامدا کە تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوام بوو و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەرە کوردەکان و هێزە ئەمنیەکاندا دروست بوو.

هەرچەندە کاربەدەستانی فەرەنسا رایانگەیاندووە کە هێرشەکە نەژادپەرستیە و پەیوەندی بە پرسی تیرۆرەوە نییە، بەڵام کەجەکە رایگەیاند، کە دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لە پشت هێرشەکەوەیە و داوای لە حکومەتی فەرەنسا کرد، راستیەکان ئاشکرا بکات.

٩ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ بە هەمان شێوە هێرشێکی چەکداری لە بەرامبەر سێ ژنی کورد بە ناوەکانی ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، فیدان دۆغان نوێنەری کەنەکە لە فەڕەنسا و لەیلا شایلەمەز ئەندامی بزوتنەوەی گەنجان کورد لە پاریس ئەنجامدرا و هەر سێ ژنە کوردەکە شەهیدکران.

عومەر گونەی بکوژی ئەو سێ ژنە کە لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە دەستگیرکرا، بێسەروشوێنکرا و دوای ماوەیەک راگەیەندرا کە لە زینداندا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ئەو کاتەش لایەنە کوردیەکان میتی تورکیایان بە ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبار کرد بەڵام حکومەتی فەرەنسا ئامادە نەبوو، لێکۆلینەوە لە دۆسیەکەدا بکات و ١٠ ساڵە دۆسیەی شەهیدکردنی سێ ژنە کوردەکە بێدەنگکراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار